بارسا بەفەرمانی فلیک دەستەوارەیەک پێشکێشی ئەستێرەیەک دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

بەفەرمانی هانزی فلیکی راهێنەر،  بارسێلۆنا گرێبەستێکی فەرمی پێشکەشی ئەستێرەیەکی تیپەکەی دەکات و دەیەوێت هەرزوو لە هێرش و چاوچنۆکیی یانە گەورەکانی ئەورووپا بیپارێزێت.
 
یانەی بارسێلۆنا گرێبەستێکی فەرمی پێشکەش کرد بۆ پاداشتکردنی یاریزانە لاوەکەی، فێرمین لۆپێز، لەبەرامبەر ئاستە نایابەکەی، ئەویش لەڕێگەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی 5 ساڵی دیکە، واتا تاوەکو هاوینی ساڵی 2031.
 
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی  مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، ئەم پێشنیازە دوای خولێکی گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی یاریزانەکە دێت کە ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، لە کاتی بەڕێوەچوونی جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە بەردەوام بوو، تاوەکو گەیشتە کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیە لە بارسێلۆنا.
 
گرێبەستە نوێیەکە باشترکردنی مووچەکەی لۆپێز لەخۆ دەگرێت کە بەڕێژەی زیاتر لە 50%ـی مووچەی ئێستایەتی، جگە لە پاداشتی دیکەی جیاواز، کە لە ئەگەری بەدیهێنانیاندا دەبنە بڕگەی جێگیر لە گرێبەستەکەدا.
 
کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت دۆسێیەی نوێکردنەوە و واژۆکردنی فەرمی، لانی زۆر تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆتایی پێبهێنێت؛ یانەکە ئامانجییەتی پڕۆسەکە خێرا بکات پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان، کە پێویست دەکات خوان لاپۆرتای سەرۆک دەست لەکاربکێشێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە خۆی کاندید بکاتەوە.
 
لە لایەنی یاریزانەکەوە، هێشتا دیار نییە ئایا لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا واژۆ دەکات یاخود نا، چونکە فێرمین و خێزانەکەی پێویستیان بە کاتە بۆ ئەوەی بەهێمنی هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازەکە بکەن، سەرەڕای ئەوەی بەگشتی لە هەڵوێستەکەی بارسێلۆنا رازین.
 
دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا و چاڤی خیمێنێز، بەڕیوەبەری کارەکانی یاریزانەکە، بەهێمنی سەرپەرشتی گفتوگۆکانیان کردووە، بەتایبەتی دوای ئەو قسانەی لە هاویندا هاتنە ئاراوە بەهۆی بایەخدانی یانەی چێڵسی بەو یاریزانە.
 
هەوڵی بارسێلۆنا بۆ بەستنەوەی فێرمین بۆ ماوەیەکی درێژتر (سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی ئێستای لە 2029 کۆتایی دێت)، لە ئەنجامی پێشکەوتنی گەورەی یاریزانەکەیە کە لەم وەرزەدا 10 گۆڵی تۆمارکردووە و 10 گۆڵیشی دروست کردووە، جگە لە پابەندبوونی تەواوی بە رەتکردنەوەی دەستەوارە دەرەکییەکان و ئەو متمانە گەورەیەی کە هانز فلیکی راهێنەر و دیکۆ پێیان هەیە.
 
کارگێڕیی بارسێلۆنا درک بەوە دەکەن کە مووچەی ئێستای یاریزانەکە چیدی لەگەڵ ئاست و کاریگەرییەکەی لە پێکهاتەکەی فلیکدا ناگونجێت، بۆیە بڕوایان بەوە هەیە کە پێویستە ئینساف و دادپەروەری بەرامبەری بنوێنن.