یۆکێرێش یان سێسکۆ؛ کێ دەبێتە فریادڕەسی تیپەکەی؟



رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 19:30 بەکاتی باشووری کوردستان، ئارسیناڵی پێشەنگی ریزبەند و مانچێستەر یونایتدی پێنجەمی ریزبەندی خولەکە، لە لووتکەی ئەم گەڕەی پرێمەرلیگدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، هەردوو یانە ویستی بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشیان هەیە، ئارسیناڵ بۆ مانەوە لە پێشەنگ و مان یونایتد، بۆ دووبارەکردنەوەی راپەڕین بەسەر دۆخی خۆیدا، پاش هاتنی مایکڵ کاریک بۆ مەشقدانی یانەکە.
 
ململانێی ئارسیناڵ و مانچێستەر یونایتد، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و جارێکی دیکە لە نێو یاریگەی ئیمارایتس زیندوو دەبێتەوە. ئارسیناڵ ئێستا بە جیاوازی 15 خاڵ لە پێش مانچێستەر یونایتدە، بەڵام سەرکەوتنەکەی یونایتد لە یاریی رابردوو بەرامبەر مانچێستەر سیتی، وای کردووە هاندەرانی ئەو تیپە بە هیوایەکی زۆرەوە چاوەڕێی ئەم یارییە بکەن.
 
میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ، رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە بووەتەوە، بۆ هاوسەنگکردنی پشوودان بە یاریزانەکان و بەدەستهێنانی سەرکەوتن. ئارتێتا لە یارییەکانی رابردووی چامپیۆنزلیگ بە پێکهاتەیەکی بەهێز یاریی کردووە، چاوەڕوان دەکرێت بەرامبەر یونایتدیش بە پێکهاتەی سەرەکیی یاریی بکات. میدیاکان دەڵێن ئارسیناڵ گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر میوانەکەی، چونکە مانچێستەر یونایتد هەفتەیەکی تەواو پشووی هەبووە و خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادە کردووە، دەیانەوێت نەهێڵن بواری ئەوەیان هەبێت بۆشایی دروست بکەن.
 
لە بەرامبەردا، مایکڵ کاریک، راهێنەری کاتیی مانچێستەر یونایتد، هەمان پلانی یارییەکەی سیتی بەکاردەهێنێتەوە. پلانەکە پشت بە سیستمی 4-4-2 دەبەستێت، یونایتد رێگە بە ئارسیناڵ دەدات تۆپی لای بێت، بەڵام لە کاتی گونجاودا گوشار دەکەن و لە رێگەی هێرشی پێچەوانەی خێرا و پاسی درێژەوە هەوڵی گۆڵ تۆمارکردن دەدەن. کاریک دەزانێت بۆ بردنەوە لە بەهێزترین بەرگریکارانی خولەکە، دەبێت یاریزانەکانی زۆر ورد بن لە قۆستنەوەی هەلەکان و دەرفەت بەفیڕۆ نەدەن.
 
یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی ئارسیناڵ، هەڵبژاردنی هێرشبەری سەرەکییە. ڤیکتۆر یۆکێرێش کە لە یارییەکانی رابردوو گۆڵی تۆمار کردووە، لەوانەیە رووبەرێکی زۆری دەست نەکەوێت بۆ راکردن، ئەمەش وای کردووە ئارتێتا بیر لە گابریێل جێسوس یان کای هاڤێرتز بکاتەوە. هاڤێرتز هێشتا بە تەواوی لە پێکانەکەی چاک نەبووەتەوە و ئارتێتا نایەوێت سەرکێشیی پێوە بکات.
 
سەبارەت بە مانچێستەر یونایتد، کێشەی سەرەکییان لە هێڵی ناوەڕاستە. هەرچەندە کاسێمیرۆ و کۆبی ماینۆ ئاستێکی بەرزیان پێشکێش کردووە، بەڵام پشتیوانی کردنیان لە لایەن پاتریک دۆرگو و ئەمادەوە زۆر گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی رێگە لە هێرشەکانی ئارسیناڵ بگرن.
 
یۆکێرێش و بێنیامین سێسکۆ، دوو هێرشبەرە نوێیەکەی هەردوو تیپ، تاوەکو ئێستا وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا نەتەقیونەتەوە. میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن، یۆکێرێش لە ئارسیناڵ تووشی زەحمەتی بووە بەرامبەر ئەو تیپانەی بەرگرییەکی تووند دەکەن. لە بەرامبەردا سێسکۆ لە مانچێستەر یونایتد هەندێک نیشانەی باشی هەبووە، بەڵام بەراورد بە نرخەکەی کە 73.7 ملیۆن پاوەندە، زیاتری لێ چاوەڕوان دەکرێت.
 
ئەم ململانێیە بۆ نەوەی کۆن و ئەوانەی سەردەمی سێر ئەلێکس فێرگسۆن و ئارسین ڤینگەریان بینیووە، هێشتا گەرموگوڕی تێدایە. هەرچەندە ئێستا مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول رکابەری سەرەکین، بەڵام یاریی ئارسیناڵ و مانچێستەر یونایتد وەک یەکێک لە گەورەترین یارییەکانی وەرز دەمێنێتەوە.