ئەگەر هەیە ئەستێرەیەکی لاوی بارسێلۆنا بەهۆی پێکانەوە بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئیسپانیان ئاشکرایانکردووە، ئەستێرەیەکی لاوی بارسێلۆنا، لەبەردەم ناچاربوون بەوازهێنانی زوودایە لە یارییکردن، بەهۆی پێکانی بەردەوامەوە،
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا، هەڵوەستەیان لەسەر دوایین پێشهاتەکانی چاکبوونەوەی گاڤی، ناوەڕاستکاری بارسێلۆنا لە پێکانە درێژخایەنەکەی کردووە، دووپاتیدەکەنەوە، ئەگەر هەیە ئەو یاریزانە ناچاربێت بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت.
 
بەرپرسانی یانەی بارسیلۆنا بەهەستیاریی و ترسێکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی پێکانەکەی گابی دەکەن، ئەو یاریزانە وەکئەوەی میدیاکان باسیان کردووە، ئەگەر رووبەڕووی هەر نوشستێک ببێتەوە لە قۆناخی شیاندنەوە لە پێکانەکەی، ناچاردەبێت نەشتەرگەری بکات بۆ دەرهێنانی کڕکڕاگەی ئەژنۆی بەیەکجاری و ئەوەش مانای کۆتاییهاتنی کاروانی وەرزشییانەی ئەو یاریزانە.
 
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی دەڵێ، گاڤی لە کۆتاییەکانی مانگی نۆی ساڵی رابردوودا، تووشی داخورانێکی بچووکی کڕکڕاگەی بەشی خوارەوەی ئەژنۆی بووە.
 
ئەگەرچی وەک رۆژنامەکە دەڵێ، لەسەرەتادا پێکانەکە سادەبووە، بەڵام چەند هۆکارێکی جیاواز، لە نێویاندا هەڵەی گەورەی کەسە نزیکەکانی، پێکانەکەیان کردووەتە دێوەزمە لە ژیانی ئەو یاریزانەدا و ماوەی شیاندنەوەی لە دوای پێکانەکە کە دەبوو تەنیا پێنج هەفتە بێت، درێژ بووەتەوە بۆ پێنج مانگ.
 
گاڤی لەگەڵ ئازارێکی توونددا هەڵی کردووە، ناچاربووە پەنا بۆ نەشتەرگەری بکات، پاشئەوەی چارەسەری سرووشتی و پاراستن لەبری چاکبوونەوە، بوونە هۆکار بۆ گەورەتربوونی پێکانەکەی و فراوانبوونی قەبارەی دڕانی کڕکڕاگەی ئەژنۆی.
 
ئەو یاریزانە، لە رێگەی سۆنارەوە نەشتەرگەرییەکی لەسەردەستی خوان کارلۆس لە سنوورێکی بەرتەسکی ئەژنۆیدا ئەنجامدا بۆ دوورینەوەی بەشێکی کڕکڕاگەکەی ئەژنۆی، لەگەڵ پێشبینیکردن بۆ دابڕانی لە یارییکردن بۆ ماوەی چوار تاوەکو پێنج مانگ.
 
لەگەڵ گەیشتنی گابی بە مانگی چوارەمی قۆناخی شیاندنەوەکە، بارسێلۆنا دووپاتیکردەوە بەوپەڕی ماوەی پێشبینیکراو بۆ گەڕانەوەکەی پابەند دەبێت و بەوەش بەر لە مانگی دووی داهاتوو، ناگەڕێتەوە بۆ یاریگە.
 
گاڤی دەزانێت کە رێگەی گەڕانەوەکەی درێژە، بەتایبەت کە هەموو هەوڵدانێک بۆ پەلەکردن لە گەڕانەوەی بۆ یاریگەکان، سەرکێشییەکی زۆر گەورەیە و هەلێکە بۆ کۆتایی هاتنی کاروانی یاریزانێتیی ئەو.
 
ئەگەرچی ئەو یاریزانە خۆی ویستی گەڕانەوەی بۆ یاریگە زۆرە، بەڵام ئەوەش دەزانێت کە پێویستە هەموو ئەو هەنگاوانە بگرێتە بەر کە سەلامەتیی ئەژنۆی دەپارێزن.
 
بارسێلۆنا لە رێگەی تیمە پزیشکییەکەی خۆیەوە، ئەو هۆشدارییەی داوەتە یاریزانەکە کە هەر هەڵەیەک لە قۆناخی چاکبوونەوەدا رووبدات، مانای پێویستیی دەستبەجێ دەرهێنانی کڕکڕاگەی ئەژنۆی و ئەگەر ئەوە روویدا، کاروانی ئەو لە یاریگەکاندا بۆ پێنج تاوەکو شەش ساڵ کورت دەبێتەوە.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، وێڕای پەلەپەلی گاڤی بۆ گەڕانەوە بۆ یاریگە، بەڵام یانەکە بڕیاریداوە هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات.
 
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا لەسەدا سەد وادەی گەڕانەوەی گاڤی بۆ یاریگەکان دیار نییە، بەڵام لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا بەر لە یارییەکەی ریال ئۆڤیێدۆ، هانزی فلیک لەبارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی ئەو یاریزانەوە رەزامەندیی خۆی لە چارەسەرییەکان دەربڕی.
 
فلیک گوتی، "من نزیکەی هەموو رۆژێک گاڤی دەیبینم. ئەو مەشق دەکات و زۆر باشتر بووە. هەموو ماسوولکەکانی خەریکە گەشە دەکەن و ئەوەی دوێنێ بینیم بارودۆخێکی باشە. پێم وایە گرنگترین شت بۆ ئەو ئێستا ئەوەیە کە هێمن بێت. ئەمە هەنگاو بە هەنگاوە، نابێت دوو یان سێ هەنگاو زیاتر بڕۆین، بۆیە متمانەمان بە ستافەکەمان، بە ستافی پزیشکی و راهێنەرەکانمان هەیە... چونکە ئەو کاروانێکی وەرزشی زۆر زۆر درێژی لە پێشە".
 
ئەوەی بارسا زیاتر لێی دەترسێت لە کاروانی چاکبوونەوەی ئەو یاریزانەدا، هەڵپەیەتی بۆ زوو گەڕانەوە بۆ یاریگەکان، لەپێناو ئامادەبوون و زیندووکردنەوەی ئومێدی بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوو.