ئامار و داتا.. ئێمباپێ پاشای لالیگایە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید سێیەم بردنەوەی لەسەریەکی لەژێر سەرپەرشتی ئەلڤارۆ ئەربێلوا تۆمارکرد و ئەو یارییە زەحمەتەی بردەوە کە راهێنەری یانەکە پێیوابوو بردنەوە تێیدا ورەی تیپەکەی بەرزتر دەکاتەوە.
 
ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ڤیاڕیال یارییکرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و بەشێوەیەکی کاتی چووە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیا.
 
هەردوو گۆڵی یارییەکە لەلایەن کیلیان ئێمباپێ تۆمارکران، بەمەش ئەستێرە فەرەنسییەکە لە لالیگادا بووە خاوەنی 21 گۆڵ و لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەیە.
 
ریال مەدرید بەبردنەوەی ئەم یارییە، بەشێوەیەکی کاتی پێش یانەی بارسێلۆنا کەوت و چووە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە، جگە لەوە ئەمە دووەم یارییە لەم وەرزەدا ڤیاڕیال لە یاریگەی خۆیدا دەدۆڕێت، یەکێکیان بەرامبەر بارسێلۆنا و ئەوەی دیکەیان بەرامبەر ریال مەدرید بووە.
 
ریال مەدرید لە دوای کرانە دەرەوەی لە جامی شای ئیسپانیا، سێ یارییە لەسەریەک دەیباتەوە، لەو سێ یارییەدا 10 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە.
 
ریال مەدرید بەگشتی لەم وەرزەی لالیگادا 45 گۆڵی تۆمارکردووە. نزیکەی نیوەی گۆڵەکانی لەلایەن ئێمباپێ تۆمارکران کە خاوەنی 21 گۆڵە.
 
کیلیان ئێمباپێ، لەم وەرزەی لالیگادا بەشداریی لە 20 یارییدا کردووە، 21 گۆڵی تۆمارکردووە، 4 ئاسیستی کردووە و 1758 خولەک یارییکردووە و 7 گۆڵ لە نزیکترین رکابەرییەوە دوورە کە ڤێدات موریکیی یاریزانی ریال مایۆرکایە و خاوەنی 14 گۆڵە.
 
گۆڵکارانی بارسێلۆنا لەم وەرزەی لالیگادا، فێران تۆرێس بە 11 گۆڵ و لیڤاندۆڤسکییە بە 9 گۆڵە، هەردووکیان بەیەکەوە هێندەی ئێمباپێ گۆڵیان نەکردووە.