ئافرەتانی هەولێر بەرامبەر کچانی کوەیت یاریدەکەن
یانەی ئافرەتانی هەولێر گۆڕەپانەکانی میرنشینی کوێت دەکاتە شانۆی نمایش بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی نێودەوڵەتی.
لەسەر داوەتی یەکێتی یارییە وەرزشیەکانی کچانی کوێت، رۆژی چوارشەممە تیپی پاڵەوانی عێراق و باشووری کوردستان بەرەو ئەو وڵاتە بەرێدەکەوێت بۆ ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە و چەند یەکەیەکی راهێنان لەگەڵ هەڵبژاردەی تۆپی دەستی کچانی کوێت کە ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
خانمانی پایتەختی کوردستان ماوەی مانگ و نیوێکە لەناو راهێنانێکی چڕدان، هیوایان رکابەریی و بڕینی خانمانی باکووری رۆژهەڵاتی کەنداوە.
ئەم یانەیە بێ بەش نییە لەو قەیرانە داراییەی باشووری کوردستان، بڕی ٣٠ ملیۆن دیناری عێراقی قەرزارە و تەنانەت هەموو گەشت و چالاکیەکانی بە قەرزە، ماوەی شەش مانگیشە نەیتوانیووە مووچە بداتە یاریزانانی.
یانەی ئافرەتانی هەولێر توانیوویەتی پشکی سێ وەرزیی رابردووی پاڵەوانیەتی تۆپی دەستی یانەکانی عێراق و باشووری کوردستان بباتەوە، یەکەمین تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتی لە مەغریب بوو کە بەشداریی پاڵەوانیەتی کچانی یانەکانی عەرەبی کرد.