پلانی بارسێلۆنا ئاشکرابوو
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا چاوەڕێن یانەکەیان یاریزانی دیکە لە گواستنەوەکانی داهاتوودا بگوازێتەوە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە بیرکردنەوەیەکی جیاوازتری هەیە و راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکات.
لە ماوەی رابردوودا، ناوی هەریەکە لە ئەلیکساندەر ئیزاک و ڤیکتۆر یۆکێرێش، بە یانەی بارسێلۆناوە بەسترابووەوە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە نایەوێت گرێبەست لەگەڵ هیچ یەکێک لەو یاریزانانە بکات.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە راپۆرتێکدا دەڵێت "ئیزاک، نا، یۆکێرێش، نا و بەڵێ لیڤاندۆڤسکی" ئەمەش بە مانای ئەوەی یانەکە گرێبەست لەگەڵ هیچ یەکێک لەو دوو یاریزانە واژۆ ناکات و دەیەوێت لیڤاندۆڤسکی لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت.
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بلاوگرانا هێشتا متمانەی بە تواناکانی لیڤاندۆڤسکی هەیە و پێیوایە یاریزانەکە دەتوانێت هاوکاریی تیپەکە بکات.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، تەمەنی 36 ساڵە و 5 مانگی دیکە تەمەنی دەبێتە 37 ساڵ، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا تاوەکو هاوینی 2026 بەردەوامدەبێت، بەڵام بژاردەی نوێکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکەی لەگەڵە و ئەگەری هەیە بارسا کار بەو بەندەی گرێبەستی هێرشبەرە پۆڵەندییەکە بکات.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، لەم وەرزەدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، 35 یارییکردووە، 32 گۆڵی تۆمارکردووە و 3 ئاسیستی کردووە، یاریزانەکە گۆڵکاری لالیگایە و لە 24 یاریی ئەو خولەدا 20 گۆڵی تۆمارکردووە.