فیفا گۆڕانکاریی نوێ لە یاساکانی تۆپی پێدا دەکات



رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (IFAB)، کە سەر بە فیفایە و بەرپرسە لە داڕشتن و هەموارکردنەوەی یاساکانی یاریی تۆپی پێ، بەنیازە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی ریشەیی نوێ بۆ وەرزی 2025/2026 پەسند بکات. ئامانجی ئەم گۆڕانکارییانە باشترکردنی رەفتاری یاریزانان، خێراترکردنی کاتی یاری و روونکردنەوەی تەمومژی هەندێک لە یاساکانە.
 
وەک راگەیێنراوە، گۆڕانکارییەکان چەندین لایەنی گرنگی یارییەکە دەگرنەوە، لەوانە سنووردارکردنی قسەکردن لەگەڵ ناوبژیوان، یاسای نوێی گۆڵپارێز، دیاریکردنی ئۆفساید و روونیی زیاتر لە بڕیارەکانی ڤار. ئەنجوومەنەکە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ساڵانەی خۆی لە وێڵز، یاسا نوێیەکان پەسند دەکات.
 
ئەو پێشنیازانەی بڕیارە ئەنجوومەنەکە پەسندیان بکات، چەندین لایەنی جیاوازی یارییەکە دەگرنەوە.. لە نێویاندا..
 
یاسای 'تەنیا کاپتن' و رێزگرتن لە ناوبژیوان
یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییەکان بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر ناوبژیوانان، جێبەجێکردنی رێنمایی 'تەنیا کاپتن' دەبێت. لێرە بەدواوە خولەکان دەتوانن بڕیار بدەن تەنیا کاپتنی تیپەکە بۆی هەبێت لە کاتی بڕیارە مشتومڕهەڵگرەکاندا، لە ناوبژیوان نزیک ببێتەوە و قسەی لەگەڵ بکات. ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ رێگریکردن لە گەمارۆدانی ناوبژیوان لەلایەن کۆمەڵێک یاریزانەوە، پاراستنی شکۆی ناوبژیوان و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناو یاریگا.
 
گۆڕانکاریی گەورە لە یاسای گۆڵپارێز
ئەم بەشەی یاساکان زۆرترین گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کاتی یارییەکە دەبێت. کاتی گرتنی تۆپ لەلایەن گۆڵپارێزەوە لە 6 چرکەوە بۆ 8 چرکە زیاد کرا. سزا نوێیەکەش بریتی دەبێت لە لێدانی کۆڕنەر؛ ئەگەر گۆڵپارێز تۆپەکە لە 8 چرکە زیاتر لای خۆی بهێڵێتەوە، پێشتر لێدانی ئازادی ناڕاستەوخۆ دەدرا، بەڵام ئێستا سزاکە گۆڕاوە بۆ لێدانی گۆشە بۆ تیپی بەرامبەر. بۆ ئاگادارکردنەوەی گۆڵپارێز، ناوبژیوان بە دەست ئاماژە بۆ 5 چرکەی دوایین دەکات تاوەکو گۆڵپارێز ئاگادار بێتەوە کاتەکەی تەواو دەبێت.
 
ئەنجوومەنەکە هەروەها دەیەوێت ماوەی مانەوەی یاریزانانی پێکراو لە دەرەوەی یاریگە بۆ چارەسەر رێکبخاتەوە و یەکبخات، بەوەی هەر یاریزانێک دوای چوونە دەرەوە لە یاریگە بەپێکراوی، بۆ ماوەی خولەکێک لە دەرەوەی یاریگە بمێنێتەوە، نەک وەکئەوەی ئێستا کە لە خولێکەوە بۆ خولێکی دیکە جیاوازە، لە پرێمەرلیگ یاریزانی پێکراو 30 چرکە لە دەرەوە دەمێنێتەوە و لە خولی ئەمریکا کاتەکە تاوەکو سێ خولەک ئاساییە.
 
گۆڕانکارییەکان هەروەها پێویستی دەکات لەسەر ئەو یاریزانەی گۆڕانکاریی پێدەکرێت، لە ماوەی دە چرکەدا یاریگە بەجێبهێڵێت، ئەگەر لە دە چرکە زیاتری پێچوو، ئەوکات تاوەکو تێپەڕینی یەک خولەکی دیکە، رێگە بەچوونە ژوورەوەی یاریزانی هاتوو بۆ شوێنی ئەو نادرێت.
 
ئەنجوومەنەکەی فیفا هەروەها بڕیاریداوە بۆ مۆندیالی 2026، گۆڕانکاریی لە سیستمی ڤاردا بکات، بۆ نموونە رێگە بەبەکارهێنانی ڤار دەدرێت بۆ پێداچوونەوەی کۆڕنەرە مشتومڕهەڵگرەکان بەو مەرجەی نەبێتە هۆی راگرتنی یاریی، ئەگەر پێداچوونەوەکە تەواو نەبوو، یاریی درێژەی پێدەدرێت. هەروەها دەسەڵاتەکانی سیستمەکە فراوانتر دەکرێت بۆ پێداچوونەوە بە حاڵەتەکانی کارتی سوور و کارتی زەردی دووەم.
 
پێشبینیکراوە ئەم گۆڕانکارییانە لە یەکی مانگی حەوتی ئەمساڵەوە بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، لەگەڵ ئەگەری جێبەجێکردنیان لە پاڵەوانێتییە گەورەکان، لەسەرووی هەموویانەوە مۆندیال و پێش ئەو مێژووەش.