ریال مەدرید و سێ یانەی دیکە سەرکەوتن بۆ قۆناخی 16
رووداو دیجیتاڵ
لیستی ئەو یانانەی سەرکەوتن بۆ قۆناخی ١٦ـی چامپیۆنزلیگ تەواو بوو، ئەمەش دوای ئەنجامدانی یارییەکانی گەڕانەوەی پاشکۆی قۆناخی 16.
قۆناخی پاشکۆ چەندین سوپرایزی گەورەی بەخۆیەوە بینی، دیارترینیان دەرکرانی یانەی ئینتەر بوو کە پلەی دووەمی وەرزی رابردوو بوو، دوای ئەوەی لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەدا بەرامبەر یانەی بۆدۆ گلیمت دۆڕا، هەروەها بۆرووسیا دۆرتمۆند ماڵئاوایی کرد دوای ریمۆنتاداکەی یانەی ئاتاڵانتا کە لە یاریی چووندا 2-0 دۆڕابوو، بەڵام لە یاریی گەڕانەوەدا 4-1 سەرکەوت.
لە لایەکی دیکەوە یانەی گاڵاتاسەرای توانی بە کۆی ئەنجامی هەردوو یاری 7-5 لە یانەی یۆڤینتوس بباتەوە و سەرکەوێت.
ریال مەدریدیش کورسییەکی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگی مسۆگەر کرد، دوای ئەوەی لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 2-1 لە یانەی بێنفیکای بردەوە.
ریال مەدرید بە کۆی ئەنجامی هەردوو یاری 3-1 سەرکەوتنی بەسەر بێنفیکادا بەدەستهێنا، ئەمەش دوای تۆمارکردنی دوو گۆڵ لەلایەن ئۆریلیان چوامینی و ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە یاریی گەڕانەوەدا.
8 یانە راستەوخۆ دوای کۆتایی هاتنی قۆناخی خول گەیشتبوونە قۆناخی 16 ، ئەوانیش: ئارسیناڵ، بایرن میونشن، تۆتێنهام، لیڤەرپوول، بارسێلۆنا، چێڵسی، مانچێستەر سیتی و سپۆرتینگ.
لە قۆناخی پاشکۆوە ئەم یانانە سەرکەوتنیان مسۆگەر کرد: ئاتلێتیکۆ مەدرید، بایر لیڤەرکوزن، نیوکاسڵ، بۆدۆ گلیمت، ریال مەدرید، ئاتالانتا، پاریس سانجێرمان و گاڵاتاسەرای.
تیروپشکی قۆناخی 16 رۆژی هەینی داهاتوو لە کاژێر 14:00 بە کاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت.
بڕیارە یارییەکانی قۆناخی 16 لە رۆژانی 10،11ـی مانگی 3، و 17، 18ـی هەمان مانگ بەڕێوەبچن.