گۆڵپارێزێک بە 'پاڵەوانی رەمەزان' ناونرا
رووداو دیجیتاڵ
ئانتۆنی لۆپێز، گۆڵپارێزی یانەی نانتی فەرەنسی بووە پاڵەوانی رەمەزان و هەموو میدیاکانی ئەو وڵاتە پەسنیان دا، چونکە لەپێناو هاوڕێ موسڵمانەکانیدا فێڵی لە یاسایەکی خولی وڵاتەکەی کرد.
خولی فەرەنسا تاکە خولی گەورەی ئەورووپایە کە بەبیانووی عەلمانییەت رێگە نادات یارییەکان بوەستێنرێن بۆ شکاندنی بەربانگ لەلایەن یاریزانانی موسڵمانەوە، بەپێچەوانەی خولە گەورەکانی دیکەی پرێمەرلیگ، لالیگا، سێری ئا و بوندێسلیگا، کە ئەو کارە دەکەن،
ئەم گۆڵپارێزە لەکاتی یارییەکەیان بەرامبەر لۆهاڤەر، لە کاتی بەربانگدا خۆی بەردایەوە و وا نیشانیدا کە تووشی پێکان بووە، تەنیا بۆ ئەوەی دەرفەت بدات بە یاریزانانی موسڵمانی نێو یارییەکە بۆ شکاندنی رۆژووەکەیان.
ئەوکات چەند یاریزانێکی موسڵمانی یانەی نانت بینران کە بەخواردنی هەندێک شلە و خورما رۆژووەکانیان دەشکێنن.
میدیاکانی فەرەنسا بەشێوەیەکی ئەرێنی رووماڵی دیمەنەکەیان کرد و بە جوڵەیەکی زیرەکانە ناویان برد، لەکاتێکدا گۆڵپارێزەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر ستایش کرا و لەلایەن هەندێکیانەوە بە 'پاڵەوانی رەمەزان' نێوبرا.
ئانتۆنی لۆپێز لەدایکبووی 1ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 1990ـە، لە دایک و باوکێکی پۆرتوگالی لە گەڕەکی لیۆنی فەرەنسا لەدایکبووە.
لە تەمەنی 9 ساڵیدا پەیوەندی بە ئەکادیمیای ئۆڵۆمپیک لیۆنەوە کرد و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2011 لەلایەن رێمی گاردی راهێنەری ئەوکاتەی لیۆن بانگهێشتی تیپی یەکەم کرا. زیاتر لە 350 یاری لەگەڵ تیپی یەکەمی لیۆن ئەنجامداوە و دواتر پەیوەندی بە یانەی نانتەوە کردووە.