سزایەکی تۆقێنەر.. ئەگەر هەیە 60 خاڵ لە مانچێستەر سیتی بشکێنرێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر سیتی رووبەڕووی رۆژانێکی چارەنووسساز دەبێتەوە، پاشئەوەی ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی بڕیاری دادگای کرد.
یانە ئینگلیزییەکە 115 تۆمەتی جیاوازی ئاراستەکراوە بەهۆی لادان لە یاساکانی یاریی خاوێن. دانیشتنەکانی گوێگرتن لە دۆسێیەکەدا لە ساڵی 2024ەوە کۆتاییان هاتووە، بەبێ ئاشکراکردنی بڕیاری دادگا.
تۆمەتە ئاراستەکراوەکانی سیتیزینز، پەیوەندییان بە پێویستییەکانی ئاگادارکردنەوەی وردی هەموو زانیارییە داراییەکان هەیە، لە نێویاندا گرێبەستەکانی سپۆنسەرەکان و دانی زانیاریی ورد و تەواو لەبارەی مووچەی بەڕێوەبەران و یاریزانانی یانەکە. هەروەها بەرپرسیارێتییەکانی یانەکە وەک ئەندامێکی پرێمەرلیگ، لە پابەندبوون بە یاسا داراییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا و بنەما قازانجبەخشەکان و بەردەوامبوون لە خولەکە.
یانەکە هەروەها تۆمەتبارکراوە بە هاوکاریی نەکردنی دەستەی پرێمەرلیگ و ئەو تۆمەتانە لە نێوان 2009 - 2010 تاوەکو 2022 - 2023 بووە.
لە نێو ئەو دۆخە تەمومژاوییەدا لەبارەی چارەنووسی یانەکە، سیتی دوو گرێبەستی بازرگانیی گەورەی لەماوەی رابردوودا کردووە، یەکێکیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەناوبانگی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و ئەویدیکەیان لەگەڵ دامەزراوەیەک کە بەخێراترین گەشەسەندووی بواری دارایی لە جیهان دادەنرێت.
دوو گرێبەستەکەی سیتی وەک شارەزایان دەڵێن، دووپات لە متمانەی کۆمپانیا گەورەکان بە یانەکە دەکاتەوە، ئەگەرچی تۆمەتبارکراوە و لە ژێر گوشاردایە.
کریستیان پێرسلۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی یانەی ئاستۆن ڤێلا گوتویەتی، ئەو گرێبەستانە، پشتگیرییەکی بێسنووری گەورەترین دامەزراوە بازرگانییەکانە لە یانەکە و هەر یانەیەکی دیکە لە جیهاندا لە بری سیتی، لەپێناویاندا دەجەنگێت.
ئەو دەڵێ، "بەبڕوای من ئەگەر لە جێگەی سیتی بم، ئەم گرێبەستانە بۆم دووپاتدەکەنەوە کە هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی دۆسێی تۆمەتبارکردنەکان، قبووڵ بکەم یان خۆم بەدەستەوە بدەم".
پێرسلۆ زیاتر دەڵێ، "بۆچی وا بکەن؟ لە کاتێکدا ئەوان خۆیان بەبێتاوان دەزانن و ئاراستەی کارێکی دیاریکراویان هەیە و پێموایە لە هەنگاونان بۆی، بەردەوام دەبن".
بەڵام کیران ماگوایەر، پسپۆری دارایی لای خۆیەوە کۆمەڵێک لێدوانی سەرنجڕاکێشی لەبارەی دۆسێیەکەوە داوە، ئەو دەڵێ سیتی سزایەکی وەرزشیی تووند دەدرێت.
ئەو پسپۆرە ئاشکرایکردووە، "ئەگەر تۆمەتەکان لەسەر سیتی ساخ ببنەوە، لانیکەم لە نێوان 40 تاوەکو 60 خاڵی لێدەشکێنرێت، کە ئەوە سزایەکی لۆژیکییە، لەپێناو پاراستنی هاودەنگیی لەگەڵ ئەو سزایانەی پێشتر، لە دۆسێی هاوشێوەدا بەسەر یانەکانی وەک ئیڤێرتۆن و نۆتێنگهام فۆرێست سەپێنراون".
ماگوایەر دەڵێ، سێ دادوەری بەرپرس لە لێکۆڵینەوە لە دۆسێیەکە، ژمارەیەکی یەکجار زۆر بەڵگەنامەیان لەبەردەستە کە نیو ملیۆن بەڵگەیە، ئەوەش وادەکات پێداچوونەوە و یەکلاکردنەوەی بڕیاردان لە دۆسێیەکە درەنگ بکەوێت، ئەگەرچی بەبڕوای من، "بڕیاردا لەبارەیەوە نزیکە".
هەمووان لە بیانووەکانی دواکەوتنی بڕیاردانی دادگا، لەبارەی دۆسێیەکەوە رازی نین، لە نێویاندا کیس واینیس، کە پێشتر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئیڤێرتۆن بووە.
ئەو دەڵێ، نەبوونی هیچ تیشکێک لەسەر ئەوەی لە دادگا و لە دوای تەواوبوونی دانیشتنەکانی روویانداوە، پاڵمان پێوەدەنێت بۆ گومانکردن لەوەی ژێراوژێر رێکەوتنێک هەیە و ئەوەش تەندروست نییە.
میدیای ئینگلتەرا، لە پاش ماوەیەکی بەرچاو لە بێدەنگی، جارێکی دیکە دۆسێی تۆمەتبارکردنەکانی سیتی دەوروژێننەوە و ئەوەش پێشبینی خێراکردنی ئاشکراکردنی بڕیاری دادگای لەبارەی دۆسێیەکەوە هێناوەتە پێشەوە.