لە شارێکی بچووکەوە بۆ لوتکەی ئەورووپا؛ چیرۆکە ئەفسانەییەکەی بۆدۆ گلیمت

 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی دانیشتووانەکانی لە پەیژەکانی یاریگەی جۆسێپی میازا کەمترە، بەڵام چیرۆکێکی زۆر جوانیان تۆمارکرد و گەیشتنە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.
 
یانەی بۆدۆ گلیمتی نەرویجی چیرۆکێکی جوانی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا تۆمارکرد و گەیشتە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.
 
بۆدۆ لە یاریی گەڕانەوەی پاشکۆی چامپیۆنزلیگدا بووە میوانی ئینتەرمیلان، یانەکە لە یاریی چووندا بردنەوەی تۆمارکردبوو و دەیویست پارێزگاری لەو بردنەوەیەی بکات بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتوو.
 
لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا هیچ گۆڵێک تۆمارنەکرا و هەردوو تیپ بەیەکسانبوون چوونەوە ژووری جلگۆڕین.
 
لە خولەکی 58 یانس پیتەر هاوگ گۆڵێکی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد، بۆدۆ گلیمت پێشکەوت.
 
لە خولەکی 72 هاکون ئێڤیێن هاندەرانی میلانۆی شۆککرد، کاتێک گۆڵی دووەمی یانە نەرویجییەکەی تۆمارکرد و تیپەکەی زیاتر لە سەرکەوتن نزیککردەوە.
 
هەرچەند لە خولەکی 76 ئەلیساندرۆ باستۆنی ئەنجامەکەی کەمکردەوە، بەڵام بێ سوود بوو، بۆدۆ یاریی گەڕانەوەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، بە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە 5-2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یەکێک لە دیارترین یانەکانی ئەورووپای لە چامپیۆنزلیگ دوورخستەوە و گەیشتە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.
 
بۆدۆ گلیمت، لە مانچێستەر سیتی و ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردەوە و گەیشتە پاشکۆی چامپیۆنزلیگ، دوو یاریی چوون و گەڕانەوەی لە ئینتەرمیلان بردەوە و گەیشتە قۆناخی شازدە.
 
ئەو شارۆچکەکەی تیپەکەی لێیە دانیشتووانەکانی 55 هەزار کەس دەبێت، یاریگەی ئینتەرمیلان بەتەنیا دەتوانێت شوێنی هەموو دانیشتوانەکانی بگرێتەوە، بەڵام زۆرجار سەرکەوتن بە گەورەیی و بچووکی نییە.
 
یاریگەکەی تەنیا شوێنی 8 هەزار هاندەر دەگرێتەوە، لە مانگی 11ـی ساڵی رابردووە بەهۆی خراپی کەشوهەوا و دابەزینی پلەی گەرماوە لەسەر ئاستی ناوخۆ یارییان نەکردووە.
 
نرخی تیپەکە ئێستا تەنیا 57 ملیۆن یۆرۆیە و مووچەی راهێنەرەکەیان 1.3 ملیۆن یۆرۆیە.
 
جگە لەوەش پێکهاتەی تیپەکەی تێکڕای تەمەن تێیدا 25.6 ساڵە.
 
بۆدۆ یەکەمجارە بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا دەکات و بەرامبەر یەکێک لە یانەکانی مانچێستەر سیتی یان سپۆرتینگ لیسبۆنە یاریی دەکات.