لە جامی عێراقدا.. هەولێر دەیەوێت لە زەورا بباتەوە
رووداو دیجیتال
سبەی هەینی لە قۆناخی شازدەی جامی عێراق کاژێر 15:00 لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی کەربەلا، یانەی هەولێر رووبەڕووی یانەی زەورا دەبێتەوە.
یانەی هەولێری خاوەن چوار نازناوی خولی نایابی عێراق ئامادەکارییەکی زۆری بۆ ئەم یارییە کردووە و هەموو هیوایەکی تیپەکە بڕینی بەربەستی یانەی زەورا و بردنەوەی یارییەکەیە.
لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "بۆ ئەم یارییە تیپەکەمان ورەی بەرزە و هەوڵی بەدەستهێنانی سەرکەوتن دەدات، لەبەرئەوەی نەمانتوانیوە ئەنجامی باش لە خولی عێراق بەدەستبێنین، هەموو هەوڵێکمان بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە لە جامی عێراق".
لە ریزی یانەی هەولێر نیاز محەممەد بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لەگەڵ دیدار غازی بەهۆی پێکان ناتوانن یاری بکەن، هەروەها لە یانەی زەورا 6 یاریزانی سەرەکیان بەهۆی پابەندبوونیان بە کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەی عێراق لە ئۆزبەکستان لە ریزی تیپەکە دوورن.
کۆسرەت بایز، یاریزانی یانەی هەولێر روونیکردەوە "بۆ سەرکەوتن و دڵخۆشکردنی هاندەرانمان یاری دەکەین، لەبەرئەوەی بەدەستهێنانی نازناوی جامی عێراق دەرفەتێکی باشە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی ئاسیا".
ماوەی دوو رۆژە یانەی هەولێر روویکردووەتە شاری کەربەلا، بڕیارە ئەمڕۆ تیپەکە دوایین راهێنانی لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی کەربەلا ئەنجام بدات.