بەرپرسێکی پێشووی ریال مەدرید، تیمی پزیشکیی یانەکە بە نەزان و خۆپەرست و بێئاگا ناودەبات
رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی هەواڵی سکانداڵی تیمی پزیشکیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کاردانەوەی تووندی بەدواداهات، کاتێک بەرپرسێکی پێشووی یانەکە، تیمە پزیشکییەکەی بەنەزان و بێئاگا و خاوەن دەسەڵات ناوبرد.
پێشتر میدیای فەرەنسا ئاشکرایانکردبوو، یانەی ریال مەدرید سەرجەم ئەندامانی تیمی پزیشکیی یانەکەی لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە، پاشئەوەی پشکنینی هەڵەیان بۆ ئەژنۆی کیلیان ئێمباپێی، ئەستێرەی یانەکە کردووە.
ئەو سەرچاوانە گوتبوویان، تیمە پزیشکییەکە لەبری ئەژنۆ پێکراوەکەی کیلیان، پشکنینیان بۆ ئەژنۆ ساخەکەی کردووە و بەوەش خەریکبووە ئەژنۆی ئەو یاریزانە دووچاری شکان بکەن.
ئێمباپێ لە ماوەی رابردوودا، کێشەی بەدەست ئازاری بەردەوامی ئەژنۆی راستییەوە هەبوو، لەناکاو روویکردە فەرەنسا بۆ چارەسەرکردن و کاتێک گەڕایەوە، سەرچاوەکان گوتیان ئەو لە چارەسەری و دەستنیشانکردنی جۆری پێکانەکەی، لەلایەن تیمی پزیشکیی یانەی ریال مەدرید بێزاربووە، بۆیە روویکردووەتە فەرەنسا بۆ چارەسەری.
ئیتیزیار گۆنزالێس، پسپۆری پێشووی خۆراک لە یانەی ریال مەدرید، رەخنەی تووندی لە تیمی پزیشکیی یانەکە گرتووە، تۆمەتباریکردوون بەزیانگەیاندن بە یاریزانە لاوەکانی یانەکە، لە رێگەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکردی خۆڕایی، بۆ دەستنیشانکردنی ئەو تەواوکارییە خۆراکییانەی، داویانە بە یاریزانەکان.
ئیتیزیار کە بەر لە چەند مانگێک لە کارەکەی لە یانەکە دوورخراوەتەوە، پاشئەوەی رەخنەی لە گێچەڵ و هەڕەشەی تیمی پزیشکیی یانەکە گرتبوو، پاش ئاشکرابوونی پێکرانی کیلیان ئێمباپێ، دەڵێ سوپاسی کیلیان دەکەم، بووە هۆی ئاشکرابوونی راستییەکان.
ئەو پسپۆرە لە ئینستاگرامی خۆیەوە تووڕەیی بەرامبەر تیمە پزیشکییەکە دەربڕیوە، دەڵێ، "ئەوانە ژیانی منیان لە ریال مەدرید کردبووە دۆزەخ".
ئیتیزیار نووسیویەتی، "سوپاستدەکەم کیلیان، هیوادارم بەدوای کەسانی لێهاتوو و خوێندەواردا بگەڕێن، لەبری ئەو هیچ نەزان، نەفام و خۆپەرستانە، کە دەسەڵاتیان لە یانەکەدا هەیە و هیچ ناکەن، جگە لە زیانگەیاندن بە یاریزانە لاوەکان".
پسپۆرەکەی پێشوو هەر بەوەندەوە نەوەستاوە، بەڵکو سوورە لەسەرئەوەی ئەندامانی تیمە پزیشکییەکەی یانەکە مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵ دەکرێت و لێهاتوویی پێویستیان نییە بۆ کارەکەیان.
ئەو هەروەها دەڵێ، ئەوان چات جی پی تی بەلاش بەکاردەهێنن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو تەواوکارییە خۆراکییانەی دەیدەنە یاریزانەکان و نووسیویەتی، "پێشتر گووتومە، بەڵام ئاسانە پاڵت پێوەبنێن بۆ ئەوەی بەرگری لە کەسێک بکەیت کە لەوێ کاردەکات، تەنیا لەبەرئەوەی برادەری هەن. بەڵام لەوە خراپتر ئەوەیە کە ئەو کەسانە هێشتا لەوێ کاردەکەن. نازانم لەوە خراپتر چی هەیە؟ مەگەر ئەوەی کە لە رێگەی ChatGPTی خۆڕاییەوە، تەواوکارییە خۆراکییەکانیان بۆ یاریزانەکانیان دەستنیشانکردبوو".
ئیتیزیار ماوەیەکی زۆر ناکۆکیی لەگەڵ پزیشکانی یانەی ریال مەدرید هەبوو، ئەوەش بەهۆی بیرکردنەوەی ئەو لە بایەخی خۆراک و رۆڵی لە چارەسەرکردنی پێکانەکان، کە بەبڕوای ئەو، خۆراک کارییەکەی لە چارەسەری ئاسایی بۆ چاکبوونەوە لە پێکان کەمتر نییە.