سکانداڵێکی گەورە لە ریال مەدرید بەهۆی ئێمباپێوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانیی فەرەنسی سکانداڵێکی گەورەی پزیشکیی لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشکراکردووە، کە پەیوەستە بەپێکانەکەی ئەژنۆی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یانەکە.
 
رادیۆی 'مۆنتیکارلۆ'ی فەرەنسی رایگەیاندووە، کارگێڕیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دەستەی پزیشکیی یانەکەی لەکارەکەی دوورخستووەتەوە، پاشئەوەی دەرکەوتووە دەستنیشانکردنی هەڵەیان بۆ پێکانەکەی ئەژنۆی کیلیان ئێمباپێی گۆڵکەری یانەکە کردووە.
 
رادیۆکە دەڵێ، پزیشکانی یانەکە، لە دوای پێکانەکەی ئەو ئەستێرەیە، لەبری ئەژنۆ پێکراوەکەی ئەو یاریزانە، ئەژنۆ سەلامەتەکەیان پشکنیوە.
 
کاپتنی فەرەنسا، پەنای بۆ بێرتراند سۆنری کۆتێی پزیشک برد، کە پسپۆری پێکانەکانی ئەژنۆیە. ئەو بەتایبەت گەشتی فەرەنسای کرد لەپێناو دەستنیشانکردنی وردی جۆر و شوێنی پێکانەکەی و چارەسەرکردنی.
 
ئێمباپێ لە دوایین لێدوانەکانیدا گوتبووی، بەبەختم بەوەی دەستنیشانکردنی وردی ئەژنۆ پێکراوەکەم بۆکرا کاتێک چوومە پاریس، پێکەوە توانیمان باشترین پلان بۆ گەڕانەوە بۆ باشترین ئاستی خۆم دابنێین، کە گونجاو بێت بۆ کۆتایی پێهێنانی وەرزەکە لەگەڵ ریال مەدرید و لە مۆندیال.
 
رۆژنامەنووسێکی 'مۆنتیکارلۆ' ئاماژەی بەوەداوە کە ئێمباپێ لەو ماوەیەدا کە هەستی بەئازار لە ئەژنۆیدا کردووە، تووڕەیی زۆری لە ریال مەدرید پێشانداوە، ئەوەش لەبەرئەوەی شوێنی پێکانەکەی بەهەڵە دەستنیشانکراوە.
 
ئەو رۆژنامەنووسە زانیاریی زیاتری لەبارەی وردەکارییە لەناکاوەکانی لەبارەی باشنەبوونی دۆخی کیلیانەوە ئاشکراکردووە و دەڵێ، روونە کە هەڵەیەک لە دەستەی پزیشکیی ریال مەدرید هەبوو، پاشئەوەی ئەو یاریزانە بڕیاریدا گەشتی پاریس بکات. دەمەوێت بڵێم هۆکارەکە ئەوەبوو کە ئەو دەستنیشانکردنەی درابووە یاریزانەکە کارەسات بوو، لەبەرئەوەی هەڵەیەکی گەورە لە دەستنیشانکردنی ئەژنۆ پێکراوەکەدا هەبوو، هەربۆیە یانەکە سەرجەم کارمەندانی بەشی پزیشکیی تیپەکەی دەرکرد.
 
ئەو رۆژنامەنووسە هەروەها گوتوویەتی، ئێمباپێ ماوەیەک یارییکردووە بەبێئەوەی بزانێت کێشەکەی چییە، ئەوە بۆی هەبوو ببێتە هۆی شکانی ئەژنۆی، چونکە لە هەوڵدان و یارییکردن بەردەوامبوو بەئازارەوە، ئەوەی روویداوە هەڵەیەکی گەورەبووە، لەبەرئەوەی تیمی پزیشکیی ریال مەدرید، پشکنینی بۆ ئەژنۆ ساخەکەی ئەو کردووە، نەک ئەو ئەژنۆیەی پێکانی هەبووە.
 
ئێمباپێی 27 ساڵان، لە چوار یاریی یانەکە لە لالیگا دابڕا، بەهۆی هەستکردن بەئازار لە ئەژنۆیدا کە لە وەرزی رابردووەوە کێشەی تێیدا هەبوو، بەڵام لە یاریی تیپەکە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە خولەکی 64ەوە گەڕایەوە نێو یاریگە.
 
لای خۆیەوە، 'رادیۆ کۆپێ'ی ئیسپانی بەپشتبەستن بەبەدواداچوون و زانیارییەکانی خۆی، هەمان هەواڵی رادیۆ فەرەنسییەکەی دووپاتکردووەتەوە کە بووەتە هۆکاری دوورخستنەوەی دەستەی پزیشکیی یانەکە لە کارەکەی.
 
ئەو رادیۆیە دەڵێ، لە بنەمادا هۆکاری چوونی ئێمباپێ بۆ فەرەنسا بۆ لای پزیشک، لەبەرئەوە بووە کە هەستیکردووە لەلای پزیشکانی ریال مەدرید کێشەیەکی هەیە، چونکە لە دۆخی پێکانەکەی رازی نەبووە و هەستی بەباشبوون و بەرەوپێشچوون نەکردووە.
 
سەرچاوەکە زیاتر گوتوویەتی، پزیشکەکەی فەرەنسا لەوە تێگەیشتووە کە لە ریال مەدرید کاری هەڵە بۆ ئەژنۆی کیلیان کراوە، ئەوکات روون بووەتەوە کە دوورخستنەوەی دەستەی پزیشکیی یانەکە لە کارەکەیان لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، پەیوەندی بە زۆریی پێکانی یاریزانانی یانەکەوە نەبووە، بەڵکو پەیوەندی بەدەستنیشانکردنی هەڵەی پێکانەکەی ئەژنۆی کیلیانەوە هەبووە.
 
'کۆپێ' دووپاتیکردووەتەوە، هەڵەکە هێندە زەق بووە، یانەکە دەستبەجێ کارمەندە پزیشکییەکانی یانەکەی هەموو لەسەر کارەکانیان لاداوە، چونکە پێیوابووە دەستنیشانکردنی هەڵەی پێکانی ئێمباپێ و زۆریی پێکانی یاریزانانی دیکەی تیپەکە، ئەو دەستەیە لێی بەرپرسن.
 
ئێمباپێ لە دوای گەڕانەوەی بۆ یارییکردن، لە دوو رۆژی رابردوودا گەشتی فەرەنسای کرد بۆ پەیوەندیکردن بەکەمپی مەشقی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، کە بڕیارە دوو یاریی دۆستانەی ئامادەسازیی لە ئەمریکا ئەنجام بدات.