پلانێکی گرنگ لە بارسێلۆناوە بۆ گواستنەوەی هاوینی داهاتوو

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لە ئێستاوە کار بۆ گواستنەوەی هاوینی داهاتوو دەکات و سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکی تۆکمەیە بۆ ئەوەی ریزەکانی بەهێزتر بکات.
 
بارسێلۆنا بەردەوامە لە بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموو بژاردە بەردەستەکان بۆ ئەوەی هێرشبەرێکی بە توانا بگوازێتەوە و جولیان ئەلڤارێز یەکێک لە سەرەکیترین بژاردەکانی یانەکەیە.
 
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی، بارسێلۆنا هەوڵی گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز دەدات و ئەو یاریزانە بژاردەی یەکەمی یانەکەیە لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا، بەڵام ئەگەر لە گواستنەوەی یاریزانەکەدا سەرکەوتوو نەبوو بەدوای بژاردەی دیکەدا دەگەڕێت.
 
چەند سەرچاوەیەک باس لە سێ هێرشبەری دیکە دەکەن، کە یەکێکیان ڤیکتۆر ئۆسیمێن، هێرشبەری نەیجیری و یانەی گاڵاتەسەرایە، بەڵام ئەو رۆژنامەیە دەڵێت "یاریزانەکە بژاردەی یەکەمی یانەکە نییە، بەڵام شایەنی ئەوەیە چاودێریی بکرێت، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ یانەکەی پێشکێشی دەکات، بەتایبەت کە لە 70 یارییدا 56 گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام گرێبەستەکەی لە هاوینی 2029 کۆتاییدێت و زەحمەتە ئەوە رووبدات."
 
دوشان ڤلاهۆڤیچ، هێرشبەری سێربی و یانەی یوڤێنتوس یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی ماوەیەکی زۆرە ناوی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا دەهێنرێت، ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی نوێنەکردووەتەوە و لەگەڵ ئەوەی دەکرێت بەخۆڕایی بچێتە بلاوگرانا، بەڵام هێشتا بژاردەی یەکەمی بارسا نییە.
 
بێنیامین شیشکۆ، هێرشبەری 22 ساڵی سلۆڤینی و یانەی مانچێستەر یونایتد نەیتوانیووە لە ئۆڵدترافۆرد ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکێشبکات، بەڵام هێشتا لە بیرکردنەوەی بارسێلۆنادا نییە و یەکێک نییە لە بژاردەکانی ئەو یانەیە.
 
بارسێلۆنا بەهۆی گەورەیی تەمەنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و نا جێگیری ئاستی فێران تۆرێس، بەدوای هێرشبەرێکی نوێدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی هێڵی پێشەوەی یانەکەی بەهێزتر بکات، بەڵام هێشتا بەتەواوی ئامانجی یانەکە لە ئەگەری شکستهێنانی لە گواستنەوەی ئەلڤارێزدا دیار نییە.