20 وەبەرهێن پڕۆژە زەبەلاحەکەی بارسێلۆنا پارەدار دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، کۆکردنەوەی پارەی تەواوی راگەیاند، لەپێناو یەکێک لە زەبەلاحترین پڕۆژەکانی یانەکە بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووریی یانەکە لە ساڵانی داهاتوودا.
 
کارگێڕیی بارسێلۆنا، بەسەرپەرشتی خوان لاپۆرتا، بڕی 1،6 ملیار یۆرۆی بۆ پارەدارکردنی پلانی گەشەپێدان و نۆژەنکردنەوەی یاریگەی کامپ نو راگەیاند. بڕیارە نۆژەنکردنەوەکە سەرەتای مانگی حەوتی ساڵی داهاتوو دەستپێبکات.
 
بارسێلۆنا لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، پارەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەکەی لە 20 وەبەرهێن بەدەستهێناوە کە دواتر پارەکانیان دەدرێتەوە لە ماوەیەکدا کە لە پێنج ساڵەوە دەستپێدەکات تاوەکو 24 ساڵ. روونیکردووتەوە یانەکە لە دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی نوێکردنەوەی یانەکە، دەستدەکات بەدانەوەی قەرزەکان.
 
بەپێی پلانی نۆژەنکردنەوەکە، جیا لە نۆژەنکردنەوەی یاریگەی کامپ نو، پڕۆژە زەبەلاحەکە کە ناوی 'ئیسپانی بارسا'یە، نۆژەنکردنەوەی چەندین پێکهاتەی دیکەی باڵەخانەکانی یانەکە دەگرێتەوە.
 
بڕی 420 ملیۆن یۆرۆ لە کۆی پارەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە لە نۆژەنکردنەوەی یاریگەی تایبەت بە تیپەکانی باسکە و تۆپی دەستی یانەکەدا کە ناوی 'بالو بلوگرانا'یە خەرجدەکرێت. هەروەها بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ لە یاریگەی یۆهان کرۆیفدا خەرجدەکرێت کە تیپی دووەمی پیاوان و تیپی خانمانی یانەکە، یاریی لەسەردەکەن.
 
یانە کەتەلۆنییەکە رایگەیاندووە کە پێشبینیدەکات کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی کامپ نو لە 2026دا کۆتایی بێت.
 
تاوەکو سەرەتای وەرزی 2024 - 2025، تیپی یەکەمی بارسێلۆنا لە یاریگەی ئۆڵۆمپیی مۆنتگویک یاریدەکات و ئەوکاتەی تیپەکە یارییەکانی دەباتەوە یاریگەی کامپ نو، کارەکانی نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن لەسەدا سەد کۆتاییان نەهاتووە.
 
نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی یاریگەی کامپ نو، زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەو یاریگەیە بەخۆوە دەبینێت و کورسییەکانی یاریگەکە لە 96 هەزار کورسییەوە زیاد دەکرێن بۆ 105 هەزار کورسی.
 
هەنگاوەکانی پڕۆژە زەبەلاحەکەی بارسا، هاوتای ئەو هەنگاوانەیە کە ریال مەدرید بۆ فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی یاریگەی ناویەتی و لە ساڵی 2019ەوە دەستی پێکردووە و ئێستا لە دوا قۆناخەکانیدایە.
 
بارسێلۆنا لە تەنگژەیەکی گەورەی دارایی هاتە دەرەوە، پاشئەوەی زیانەکانی لە وەرزی 2020 - 2021 گەیشتنە زیاتر لە 481 ملیۆن یۆرۆ و یانەکە ناچاربوو دەستبەرداری لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یەکەمی یانەکە ببێت بەخۆڕایی.
 
هاوینی رابردوو کارگێڕیی خوان لاپۆرتا، هەنگاوەکانی هەڵسانەوەی دارایی و وەرزشیی یانەکەی دەستپێکرد. یانەکە نزیکەی 750 ملیۆن یۆرۆی بەدەستهێنا لە رێگەی فرۆشتنی 25 لەسەدی داهاتی فرۆشی پەخشی تەلەڤزیۆنیی یانەکە بۆ 25 ساڵی داهاتوو، ئەمە جیا لە فرۆشتنی مافی موڵکدارێتی 49 لەسەدی ستۆدیۆکانی یانەکە.