ئەمشەو ریال مەدرید یاری هەیە و ئەستێرەیەکی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو گەڕێکی نوێی یارییەکانی لالیگا بەڕێوەدەچن و 3 یاری ئەنجام دەدرێن، کە گرنگترینیان یاریی ریال مەدریدە بەرامبەر خیرۆنا.
 
ریال مەدرید کاژێر 20:30 بە کاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی مۆنتیلیڤی لە شاری خیرۆنا دەبێتە میوانی یانەی خیرۆنا، کە بێگومان میوانێکی رەزاقورس دەبێت بۆ خیرۆنای یانزدەمی ریزبەندیی لالیگا، بەڵام لە هەمانکاتدا ریال مەدریدیش ترسی لە سوپرایزەکانی ئەو یانەیە هەیە.
 
مێرینگێ هەوڵدەدات جیاوازی لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ کەم بکاتەوە کە گەیشتووەتە 11 خاڵ، دوای بردنەوەی ئەم دواییەی یانەی کەتەلۆنی لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی هاوشاری ریال مەدرید بە گۆڵێکی بێبەرامبەر.
 
ریال مەدرید تاوەکو ئێستا بە کۆکردنەوەی 65 خاڵ لە پلەی دووەمی لالیگادایە، خیرۆناش 38 خاڵی هەیە و لە پلەی 11ـی لالیگادایە.
 
ریال مەدرید دووەم سەرکەوتنی لەسەریەکی لە خولی ئیسپانیا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە دوو گەڕی رابردوودا لە کادیز و سێلتاڤیگۆی بردەوە، کە گەڕی پێش ئەوان بە ئەنجامی 3-2 بە ڤیاریال دۆڕابوو.
 
یانەی شاهانە بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتی زەردەوە بۆ ئەم یارییە لە تواناکانی دانی سیبایۆسی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بێبەش دەبێت، چونکە لە دوایین رووبەڕووبوونەوەی بەرامبەر سێڵتاڤیگۆ کارتی زەردی پێنجەمی وەرگرت.
 
لەویش گرنگتر، ریال مەدرید رایگەیاند کە تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بۆ یارییەکەی خیرۆنا دوورخستووەتەوە و لە بەیاننامەیەکدا، گوتی "کۆرتوا تووشی هەوکردنی گەدە و ریخۆلە بووە، بۆیە بەرامبەر خیرۆنا یاری ناکات".
 
ریال مەدرید ترسی لە سوپرایزەکانی خیرۆنا هەیە، چونکە لە گەڕی یەکەمی رکابەرییەکانی لالیگادا، لەنێو سانتیاگۆ برنابیۆدا بە ئەنجامی 1-1 لەگەڵ ریال مەدرید یەکسانبوو.
 
یانەی شاهانە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 30 یاری بەرامبەر خیرۆنا ئەنجامداوە، 20 یاری بردووەتەوە و 5 یاری یەکسان بووە و 5 یاری دیکەش دۆڕاوە.
 
یارییەکانی ئەمشەو:
 
کادیز - ئۆساسۆنا 20:30
خیرۆنا - ریال مەدرید 20:30
ریال بێتیس - ریال سۆسیداد 23:00