دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا ناهێڵن گراهام ئارنۆڵد بچێتە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا، رێگەیان نەداوە گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گەشت بکات بۆ بەغدای پایتەختی عێراق، بەهۆی ئەوەی ناویان ناوە "دۆخی ناسەقامگیری ئاسایش" لە ناوچەکە، ئەوەش گرفتی بۆ خشتەی ئامادەسازییەکانی هەڵبژاردەکە بۆ مۆندیالی داهاتوو دروستکردووە.
سەرچاوەیەک لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئاشکرایکردووە، ئارنۆڵد بەنیازبووە، بچێتە بەغدا بۆ دەستپێکردنی ئامادەسازییەکان لەگەڵ هەڵبژاردەکەی و دانانی پلانی کۆتایی قۆناخی ئامادەسازییەکانی بەر لە مۆندیال، هەروەها ئامادەسازیی بۆ دوایین کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا رێگەیان نەداوە گەشتی بەغدا بکات و بەو هۆیەوە، دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەکە، ناچارە سەرجەم پلانی ئامادەسازییەکان بگۆڕێت.
ئەو سەرچاوەیە گوتوویەتی، یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئوسترالیا لە بەغدا پەیوەندی کردووە بۆ لابردنی رێگرییەکانی چوونی ئارنۆڵد بۆ بەغدا، بەڵام جارێکی دیکە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە وەڵامیان داونەتەوە، "لەبەر پاراستنی گیان و سەلامەتیی راهێنەرەکە" رێگەی چوونە عێراقی پێنادرێت.
ئوسترالییەکان، دۆخی ئاسایشی عێراق و ناوچەکە بەناسەقامگیر ناودەبەن.
ئەوەی بەسەر ئارنۆڵددا هاتووە، گورزێکی گەورەیە لە پلانی ئامادەسازییەکانی عێراق بۆ مۆندیالی داهاتوو. بڕیاربوو ئارنۆڵد بچێتە عێراق و لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، ئامادەی ژمارەیەک یاریی بێت، بۆ بینینی یاریزانان، بەرلەوەی لیستەکەی بۆ مۆندیال ئاشکرا بکات.
هەڵبژاردەی عێراق، کەمپی ئامادەسازییەکانی دەرەوەی بەر لە کۆتایی هاتنی مانگی پێنج لە ئیسپانیا دەستپێدەکات و سێ یاریی دۆستانە بەرامبەر هەریەکە لە ئەندۆرا، ئیسپانیا و کۆتدیڤوار دەکات، وەک ئامادەسازیی بۆ دەستپێکی مۆندیال لە رۆژی 11ی مانگی شەش.
کاروانی هەڵبژاردەی عێراق لە مۆندیالی داهاتوو، بە رووبەڕووبوونەوەی نەرویج لە رۆژی 17ی مانگی شەش دەستپێدەکات، دواتر لە 22ی هەمان مانگ بەرامبەر فەرەنسا یارییدەکات و لە 26ی مانگدا رووبەڕووی سەنیگال دەبێتەوە.