ریال مەدرید ئەنجامی یەکەم پشکنینی ئێمباپێ ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید دەستنیشانکردنی سەرەتایی پێکانەکەی کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری تیپەکەی راگەیاند.
 
ئەستێرەی فەرەنسی دوێنێ هەینی لە گەڕی 32ـی خولی ئیسپانیا، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی ریال بێتیس کە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک کۆتایی هات، بەپێکانەوە یاریگای جێهێشت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ریال مەدرید، ئەو پشکنینە پزیشکییە سەرەتاییەی کە لەسەر کورسیی یەدەگی یاریگای لا کارتۆخا بۆ یاریزانەکە ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە تووشی گشارێکی زۆر Overload بووە لە ژێیەکانی ئەژنۆی (ماسوولکەکانی پشتی رانی قاچی چەپی)ـدا.
 
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، هەر کە تیپەکە گەڕایەوە بۆ مەشق و راهێنانەکان، ئەم ئەستێرە فەرەنسییە لە شاری وەرزشی ڤاڵدیبێباس پشکنینی وردتر ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لە نەبوونی هیچ جۆرە پچڕانێک یان پێکانێکی مەترسیدارتر.
 
وردەکارییەکانی رووداوەکە لە خولەکی81ـی یارییەکەدا دەستیپێکرد، کاتێک ئەنجامەکە بە پێشکەوتنی ریال مەدرید بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بوو؛ ئێمباپێ هەستی بە شتێکی نائاسایی لە قاچی چەپیدا کرد و بڕیاریدا دەستبەجێ بوەستێت، دەستەکانی بەرزکردەوە و داوای گۆڕانکاری و دانیشاندنی کرد.
 
هەرچەندە یاریزانەکە بە پێیەکانی خۆی یاریگای جێهێشت، بەڵام نیشانەکانی نیگەرانی بەڕوونی بە دەموچاوییەوە دیار بوون.
 
ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا گوتی "هیچ زانیارییەکم نییە، ئەو تووشی هەندێک ناڕەحەتی ببوو و دەبینین لە رۆژانی داهاتوودا دۆخەکەی چۆن دەبێت"، ئەم لێدوانەشی پێش ئەوەبوو کە ئەنجامی پشکنینە پزیشکییە سەرەتاییەکان بزانێت.
 
ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە خاوەنی درێسی ژمارە 10ـی مێرێنگی دوودڵ نەبووە لە داواکردنی گۆڕانکاری، لەوانەیە بەهۆی نزیکبوونەوەی کلاسیکۆ و مۆندیال بێت، هەروەها بەهۆی ئەوەی تیپەکەی لە پێش بوو، بۆیە پێیباش بووە سەرکێشی نەکات و بەردەوام نەبێت لە یاریکردن.