بارسێلۆنا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە راشفۆرد دەدات

رووداو دیجیتاڵ


مارکۆس راشفۆرد لە وێستگەیەکی یەکلاکەرەوەی ژیانی وەرزشیدایە، دوای ئەوەی چەند مانگی رابردوو گۆڕانکاری ریشەیی لە داهاتوویدا روویدا. لەکاتێکدا وەرزێکی پڕ لە بەرزی و نزمی بەرەو کۆتایی دەچێت، دەنگۆکان لەسەر وێستگەی داهاتووی زیاد دەکەن.
 
دابەزینی بەرچاوی ئاستی یاریزانەکە
 
هەرچەندە هێرشبەرە ئینگلیزییەکە، کە ئێستا بەخواستن لە مانچێستەر یونایتدەوە لە یانەی بارسێلۆنایە، نەیتوانی پێگەیەکی جێگیر لە پێکهاتەی سەرەکیی کەتەلۆنییەکاندا داگیر بکات، بەڵام ئاستی لە نیوەی یەکەمی وەرزەکەدا جێگەی رەزامەندی بوو.
 
تاوەکو پێش مانگی یەک، راشفۆرد 10 گۆڵی تۆمارکردبوو، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا تەنیا 2 جار تۆڕی گۆڵی هەژاندووە. هەروەها نەیتوانی ئەو ئاستە پێشکەش بکات کە چاوەڕێی لێ دەکرا کاتێک لە هەفتەکانی کۆتایی پێشبڕکێکاندا بەهۆی پێکانەکەی رافینیاوە هەلی یاریپێکردنی بۆ رەخسا.
 
کۆسپە دارایی و هونەرییەکان
 
مووچە بەرزەکەی راشفۆرد بووەتە رێگرییەکی گەورە لەبەردەم هەر بیرۆکەیەک بۆ مانەوەی، بەتایبەت کە بارسێلۆنا لە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوودا پێویستی بەگواستنەوەی هێرشبەرێکی سەرەکی و بەرگریکارێکی باڵی چەپ هەیە. ئەمەش وا دەکات پارەدانی 30 ملیۆن یۆرۆ وەک مەرجی کڕینەوەی یاریزانەکە، کارێکی قورس بێت.
 
دوورکەوتنەوەی داهاتووی راشفۆرد لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نو بەوەش دەردەکەوێت کە هانزی فلیکی راهێنەر لە یارییەکانی دواییدا و لە ئامادەنەبوونی رافینیادا، زیاتر پشتی بە یاریزانانی وەک فێرمین لۆپێز و گاڤی لە باڵی چەپی هێرشبردن بەستووە.
 
گەڕانەوە بۆ ئۆڵد ترافۆرد
 
هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە راشفۆرد لە مانگی 6ـی داهاتوودا دەگەڕێتەوە بۆ مانچێستەر یونایتد. دوای ئەوە، دەبێت بەدوای داهاتوویەکی دیکە بگەڕێت، چونکە کارگێڕیی ئەو یانەیە دەیانەوێت بەیەکجاری لێی رزگاربن و بیفرۆشن، بەتایبەت دوای ئەوەی دوو جار بە دوای یەکدا بەخواستن دایانە یانەکانی ئاستۆن ڤێلا و بارسێلۆنا.
 
تۆتێنهام دێتە سەر هێڵ
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییە ئینگلیزییەکان ئاشکرایان کردووە کە یانەی تۆتێنهام گرنگییەکی راستەقینە بەگواستنەوەی ئەم یاریزانە 28 ساڵە دەدات، کە چاوەڕوان دەکرێت لە لیستی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بێت بۆ مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا.
 
تەنیا یەک مەرج، بەڵام بۆ ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە، دەبێت یەک مەرجی بنەڕەتی بێتەدی، ئەویش ئەوەیە کە تیپی باکووری لەندەن بتوانێت لە دابەزین بۆ خولی پلەدوو رزگاری بێت. 
 
تۆتێنهام، کە وا چاوەڕوان دەکرا کێبڕکێی یانە گەورەکان بکات بۆ پلەکانی پێشەوەی پرێمەرلیگ، وەرزێکی کارەساتباری بێوێنە بەڕێ دەکات و ئێستا لە سێ پلەی کۆتایی ریزبەندییەکەدایە.
 
راشفۆرد.. ژیانێکی وەرزشی پڕ لە ئاستەنگ
 
راشفۆرد قورسترین قۆناخی ژیانی وەرزشی بەڕێدەکات، دوای ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر بە یەکێک لە گەورەترین بەهرەمەندە ئینگلیزییەکان دادەنرا کاتێک سەرکردایەتی مانچێستەر یونایتدی دەکرد بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورە، بەڵام دابەزینی ئاستی لە وەرزەکانی دواییدا، لەگەڵ کێشە کارگێڕی و هونەرییەکانی ئۆڵد ترافۆرد، یانەکەی ناچارکرد دووجار بەخواستن بیداتە یانەکانی دیکە، لە پێناو گەڕاندنەوەی درەوشاوەییەکەی، بەڵام تاوەکو ئێستا بێ سوود بووە.
 
هاوینێکی چارەنووسساز چاوەڕێی ئەم ئینگلیزییە دەکات
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی وەرزەکە، وادیارە راشفۆرد لەبەردەم هاوینێکی یەکلاکەرەوەدایە کە رێڕەوی داهاتووی دیاری دەکات؛ یان گەڕانەوە بۆ مانچێستەر یونایتد و هەوڵدانێکی نوێ، یان گواستنەوە بۆ تۆتێنهام لە ئەگەری مانەوەیان لە خولی نایاب، یان گەڕان بەدوای وێستگەیەکی دیکەدا کە دەرفەتی پێبدات جارێکی دیکە خۆی بسەلمێنێتەوە.