ڤیدیۆ؛ ڤالێنسیا برینەکانی بارسێلۆنای قوڵترکرد و بووە پاڵەوانی جامی شا


رووداو - هەولێر

یانەی ڤالێنسیا بارسێلۆنای دووچاری شکستێکی دیکە کرد لەم وەرزەدا و دوای 11 ساڵ جارێکی دیکە نازناوی جامی شای ئیسپانیای بردەوە.

هەردوو یانە لەسەر یاریگەی بینتۆ ڤیامارین لە سێڤییا رووبەڕووی یەکبوونەوە، ڤالێنسیا یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.

لە خولەکی 21 کیڤن گامێرۆ بەلێدانێکی بەهێز گۆڵێکی بۆ شەمشە کوێرەکان تۆمارکرد، لە خولەکی 33 رۆدریگۆ مۆرینۆ بۆ جاری دووەم تۆڕی بارسێلۆنای هەژاند و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتاییهات.

لە گێمی دووەمدا لە خولەکی 73 لیۆنێل مێسی ئەنجامەکەی بۆ بارسێلۆنا کەمکردەوە و بووە یەکەم یاریزان، لەشەش یاریی کۆتایی جامی شادا گۆڵ تۆماربکات، بەڵام ئەمە هیچی لە ئەنجامەکە نەگۆڕی و ڤالێنسیا یارییەکەی بردەوە و بۆ جاری هەشتەم بووە پاڵەوانی جامی شای ئیسپانیا.