ئەستێرەیەکی پێشووی ئینتەرمیلان بارسێلۆنا بێهیوا دەکات

 

رووداو - هەولێر

ئەستێرەیەکی پێشووی یانەی ئینتەرمیلان، یانەی بارسێلۆنا بێهیوا دەکات و دڵنیایی دەدات لە مانەوەی لاوتارۆ مارتینێز لە یانەکەیدا.

ئیڤان زامارانۆی چیلی و ئەستێرەی پێشووی یانەی ئینتەرمیلان دەڵێت، یانەی بارسێلۆنا ناتوانێت لەم وەرزەدا گرێبەست لەگەڵ لاوتارۆ مارتینێز واژۆبکات و یاریزانەکە لە یانەکەی دەمێنێتەوە.

زامارانۆ لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئەوەی کە ئەگەری هەیە ئیدینسۆن کاڤانی بکرێتە جێگرەوەی لاوتارۆ لە یانەکەدا گوتی، هیچ گۆمانی تێدانییە، مارتینێز بۆ وەرزی داهاتوو لە جۆزێپی میازا دەمێنێتەوە، بەهۆی ئەو کاریگەرییە ئابوورییەی کۆرۆنا لەسەر یانەکانی دروستیکردووە.



ئەستێرەی پێشووی نیرازۆری زیاتر گوتی، بارسێلۆنا رووبەڕووی کێشەی دارایی بووەتەوە، بەمەش ناتوانێت گرێبەست لەگەڵ لاوتارۆ واژۆبکات، ئەمەش وادەکات یاریزانەکە لە یانەکەی بمێنێتەوە، کە ئەمە هیچ گۆمانی تێدانییە.

بەپێی قسەی زامارانۆ، بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە پێویستە 100 ملیۆن یۆرۆ بخاتە بەردەم ئینتەرمیلان، کە بەلای کەمەوە ئەمە داواکاری یانەکەیە بۆ دەستبەرداربوون لە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە، لەگەڵ ئەوەشی کە ئەنتۆنیۆ کۆنتی، ئارتورۆ ڤیدالی زۆر خۆشدەوێت، بەڵام بارسا پێویستە ئەو پارەیە بدات، ئەگەر بیەوێت یاریزانەکە بگوازێتەوە.




ئیڤان لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا هیوای خواست لاوتارۆ لە ئینتەر بمێنێتەوە و گوتی، ئەو یاریزانێکی گەنجە و 22 ساڵە، کاڤانی 11 ساڵ لەو گەورەترە و ئەزموونی زۆری لە یانەی جیاواز هەیە، بەڵام پەیوەندیکردنی کاڤانی بە ئینتەرمیلان هیچ پەیوەندیی بە فرۆشتنی لاوتارۆوە نییە.

ئەم قسانەی زامارانۆ لەکاتێکدان، لە ماوەی رابردوودا ناوی لاوتارۆ مارتینێز، بە یانەی بارسێلۆناوە بەستراوەتەوە و یانەکە دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینەدا ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.