بۆرووسیا دۆرتمۆند لەبارەی گرێبەستکردنی ریال لەگەڵ بێلینگهام چیدەڵێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، راستییەکی شۆکهێنەری لەبارەی دانوستاندنی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ جود بێلینگهام، یاریزانی ناوەڕاستی یانەکەوە راگەیاند.
پێشتر سەرچاوە جیاوازەکان ئاشکرایانکردبوو ریال مەدرید لەسەر مەرجە کەسییەکان لەگەڵ بێلینگهام رێکەوتنی کردووە و تەنیا دانوستاندنی نێوان هەردوو یانە ماوە، بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ ریزەکانی ریال مەدرید.
سیباستیان کیل، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند دووپاتیکردەوە یانەکەی هیچ دەستەوارەیەکی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ بێلینگهام بەدەستنەگەیشتووە. قسەکانی بەرپرسە ئەڵمانییەکە دوو رۆژ بەر لە کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەڵمانیان.
ئەو بەرپرسە دەڵێ، ریال مەدرید هەوڵی پەیوەندیکردن و دانوستاندنی لەگەڵمان نەداوە، ئێمەش رێکەوتنمان لەگەڵ هیچ لایەنێک بۆ فرۆشتنی ئەو یاریزانە نەکردووە.
کیل قسەی بۆ میدیاکان کردووە، دەڵێ، "لەبارەی دەستەوارەکانەوە، هیچ دەستەوارەیەک لە ئارادا نییە، هەموو ئەوەی دەگوترێت، تەنیا دەنگۆیە".
ئەو زیاتر دەڵێ، "پێموایە بێلینگهام بیر لە هیچ شتێک ناکاتەوە جگە لە دوایین یاریی یانەکەی بەرامبەر ماینز، من دڵنیام لەوەی تەنیا بیری ئەو لای ئەو یارییەیە".
بۆرووسیا دۆرتمۆند لە دوا یاریی خۆیدا لە وەرزی ئەمساڵی بۆندێسلیگا، بەرامبەر ماینز یارییدەکات و بەبردنەوەی یارییەکە، دوای یانزە ساڵ، بۆ یەکەمجار نازناوی خولی ئەڵمانیا بەدەست دەهێنێت.
پێشتر سەرچاوەکان گوتبوویان، ریال مەدرید بەسەر یانەکانی مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوولدا سەرکەوتووە لەبابەتی گرێبەستکردن لەگەڵ جود.
ئەو بەرپرسەی یانە ئەڵمانییەکە، باسی لە پێکرانی جود بێلینگهام کردووە بەر لە دوا یاریی خولی ئەڵمانیا و دەڵێ، "ئەو هەوڵدەدات هەرچۆنێک بێت بەشداریی لە یارییەکەدا بکات، ئەو یەکێکە لە گرنگترین یاریزانەکانی وەرزی ئەمساڵی یانەکەمان".
جود بێلینگهام ئەمساڵ لەگەڵ دۆرتمۆنددا نایاب دەرکەوت، 14 گۆڵی تۆمارکردووە و 7 گۆڵی دروستکردووە لە کۆی 42 یاری لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان.
میدیاکان دەڵێن، جود ئامانجی سەرەکی و گەورەی هاوینی ئەمساڵی ریال مەدریدە کە دەیەوێت هێڵی ناوەڕاستی خۆی بونیادبنێتەوە پاش بەتەمەنداچوونی هەریەکە لە تۆنی کرووس و لۆکا مۆدریچ.
پێشتر راگەیەنرابوو، رێکەوتنی نێوان ریال و جود گرێبەستێکی شەش ساڵییە و ئەو یاریزانە دەبێتە خاوەن یەکێک لە بەرزترین مووچەکانی نێو یانەکە.
ماڵپەری 'ترانسفیر مارکێت' تایبەت بە بەهای گواستنەوەی یاریزانان دەڵێ، بێلینگهام یەکێکە لە گرانترین پێنج یاریزانی ئێستای جیهان و بەهای لە بازاڕدا 120 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام بۆرووسیا دۆرتمۆند داوای 150 ملیۆن یۆرۆ دەکات، بۆ دەستهەڵگرتن لەو یاریزانە.