فەرمی.. چابی ئەلۆنسۆ بووە راهێنەری ریال مەدرید


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەفەرمی دەستنیشانکردنی چابی ئەلۆنسۆی بەراهێنەری تیپەکەی بۆ ماوەی سێ وەرز راگەیاند.
 
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا کەمێک بەرلە ئێستا رایگەیاند، ئەلۆنسۆ راهێنەری ریال مەدرید دەبێت بۆ سێ وەرزی داهاتوو لە یەکی شەشی ئەمساڵەوە تاوەکو یەکی شەشی 2028.
 
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەکەیدا دەڵێ، ئەلۆنسۆ یەکێکە لە مەزنترین ئەفسانەکانی ریال مەدرید و تۆپی پێی جیهان، لەماوەی نێوان 2009 تاوەکو 2014 کۆی 236 یاریی بەدرێسی ریال مەدریدەوە ئەنجامداوە و لەو ماوەیەدا، چامپیۆنزلیگی دەیەمی لە لیسبۆنا، هەروەها جامی سوپەری ئەورووپا و نازناوێکی لالیگا و دوو نازناوی جامی شای ئیسپانیا و نازناوێکی جامی سوپەری ئیسپانیای بەدەستهێناوە.
 
ریال مەدرید هەروەها دەڵێ، ئەلۆنسۆ ئەفسانەی هەڵبژاردەی ئیسپانیاشە کە لەگەڵیدا نازناوی مۆندیالی 2010 و یۆرۆی 2008 و 2012ی بەدەستهێناوە و 113 یاریی بۆ هەڵبژاردەکە ئەنجامداوە.
 
بڵاوکراوەکەی ریال مەدرید دەڵێ، ئەلۆنسۆ کاروانی راهێنەرایەتی لە ئەکادیمیای لاوانی ریال مەدریدەوە دەستپێکردووە و راهێنەری تیپی خوار 14 ساڵانی یانەکە بووە و لەگەڵیدا نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە.
 
ریال مەدرید هەروەها دەڵێ، ئێستا ئەو وەک یەکێک لە باشترین راهێنەرانی جیهان دەگەڕێتەوە یانەکەی، پاشئەوەی مێژووی لەگەڵ بایرلیڤەرکوزن تۆمارکرد و لەگەڵیدا نازناوی خول و جامی ئەڵمانیا و سوپەری لەماوەی سێ وەرزدا بەدەستهێنا.
 
وەک یانە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، بڕیارە سبەی ئەلۆنسۆ وەک راهێنەری ریال مەدرید بەمیدیاکان بناسێنرێت و بەرلەوە لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەوە پێشوازیی لێدەکرێت و واژۆ لەسەر گرێبەستە سێ ساڵییەکەی دەکات.
 
پاش ئەوەش، ئەلۆنسۆ یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی وەک راهێنەری نوێی ریال مەدرید ئەنجامدەدات.
 
راگەیاندنە فەرمییەکەی ریال مەدرید، رۆژێک پاش بەڕێکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەکە دێت، کە دوێنێ لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ماڵئاوایی کرد و بڕیارە وەک راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل دەستبەکاربێت.