"یاریزانێکی نوێی ریال مەدرید ئەمشەو دوایین یاریی بۆ یانەکەی دەکات"
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید رێککەوتنی لەگەڵ ئەلڤارۆ کارێراس، یاریزانی لاوی یانەی بێنفیکا کردووە و لەسەر مەرجە تاکەکەسییەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی یاریزانەکە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید پەلە لە تەواوکردنی کارەکانی گواستنەوەی یاریزانەکە دەکات و دەیەوێت دوای یاریی کۆتایی جامی پۆرتوگال، راستەوخۆ یاریزانەکە پەیوەندی بە یانەکەوە بکات و هەموو کارەکانی گواستنەوەی لەگەڵ یانەی بێنفیکا تەواو بکرێن.
ئەمشەو یاریی کۆتایی جامی پۆرتوگال، لەنێوان سپۆرتینگ لیسبۆنە و بێنفیکا دەکرێت، بە ئەگەری زۆرەوە ئەمە دوایین یاریی کارێراس دەبێت بەدرێسی یانەی بێنفیکاوە.
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "ریال مەدرید و بێنفیکا بەشێوەیەکی کاتی گفتوگۆکانیان بەهۆی یاریی کۆتایی جامی پۆرتوگالەوە راگرتووە، رێککەوتنەکە لەگەڵ یاریزانەکە کۆتاییهاتووە، تەنیا ماوە رێککەوتنی هەردوو یانە بکرێت.
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بەرگریکارە ئیسپانییەکە 50 ملیۆن یۆرۆیە، ریال مەدرید نایەوێت ئەو پارەیە بدات و بەپێی سەرچاوەکان یانەکە تەنیا 30 ملیۆن یۆرۆ دەدات و چاوەڕواندەکرێت، تاوەکو هەفتەی داهاتوو کارەکانی گواستنەوەی بەتەواوی یەکلابکرێنەوە.
نزیکبوونەوەی ریال مەدرید لە گواستنەوەی ئەلڤارۆ کارێراس، بۆ یانەکەی لەکاتێکدایە دین هاوسن، بەرگریکاری لاوی ئیسپانی لە یانەی بۆرنمۆوسەوە پەیوەندیی بە یانەکەوە کردووە، رێککەوتن لەگەڵ ئەلیکساندەر ئارنۆڵد کراوە، بەڵام راگەیاندنی گرێبەستەکەی ماوە.
کارێراس تەمەنی 22 ساڵە، لە باڵی چەپی بەرگری یاری دەکات، پێشتر لە ساڵی 2017 لە تیپی لاوانی ریال مەدرید، تیپی خوار 17 ساڵ یارییکردووە، دوای ئەوە لە تیپی خوار 21 ساڵ و 23 ساڵی یانەی مانچێستەر یونایتد یارییکردووە، لە ساڵی 2022 چووە یانەی پریستۆن، پاشان لە 2023 گەڕایەوە ریال مەدرید و لە هەمان ساڵدا بەخواستن چووە یانەی گرانادای ئیسپانی، لەوێسەوە لە ساڵی 2024 چووە یانەی بێنفیکا.
لە 1-7-2024 یاریزانەکە بەشێوەیەکی یەکجاری لەلایەن بێنفیکاوە کڕدرایەوە و بەرامبەر 6 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ کرا، گرێبەستەکەی هاوینی 2029 لەگەڵ یانە پۆرتوگالییەکە کۆتاییدێت.