ڤیدیۆ؛ جۆکۆڤیچ ریکۆردێکی دیکەی بەناوی خۆیەوە کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

نۆڤاک جۆکۆڤیچ، ئەستێرەی سێربی نازناوی ژمارە 100ـی لە کاروانی یارییکردنیدا بەدەستهێنا، دوای ئەوە لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی تێنسی جنێڤدا سەرکەوتنی بەرامبەر هێربەر هورکاشی پۆڵەندی بەدەستهێنا.
 
یارییەکە سەرەتایەکی بەهێزی بەخۆیەوە بینی و هەردوولا رکابەرییەکی زۆریان کرد، هورکاش کۆمەڵەی یەکەمی بە حەوت پێنج بردەوە.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا رکابەرییەکە بەهەمان شێوە درێژەی کێشا و دوای ماندووبوونێکی زۆر نۆڤاک جۆکۆڤیچ لە تای برێکدا بە حەوت شەش ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
لە کۆمەڵەی سێیەم و یەکلاکەرەوەدا، هەردوولا ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکرد و ماندووبوون بۆ گەیشتن بە نازناوەکە، بەڵام ئەزموونی جۆکۆڤیچ لە تای برێکدا ئەو کۆمەڵەیەشی یەکلاکردەوە و بە حەوت شەش، دووەم کۆمەڵەی لەسەریەکی بردەوە و بووە پاڵەوان.
 
نۆڤاک جۆکۆڤیچ بەبردنەوەی ئەم نازناوە ژمارەی نازناوەکانی گەیاندە 100 نازناو، سێ نازناوی دیکەی ماوە بۆ ئەوەی ریکۆردی رۆجێر فێدێرێر یەکسانبکاتەوە و 9 نازناوی دیکەی پێویستە بۆ شکاندنی ریکۆردی جیمی کۆنرس کە خاوەنی 109 نازناوە.