رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تووشی پێکانبوو و هاندەرانی هەڵبژاردەکە دەترسێنێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، لە یاریی ئینتەرمەیامی و فێلادێلفیا، لیۆنێل مێسی لە خولەکی 72ـی یارییەکەدا تووشی پێکانبوو و گۆڕانکاریی پێکرا.
دوای ئەو گۆڕانکارییەش یاریزانەکە نەچووە سەر کورسی یەدەگ و راستەوخۆ لە یاریگا چووە دەرەوە.
ئەمە ترسێکی گەورەی لای هاندەرانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دروستکردووە، لە کاتێکدا تەنیا 17 رۆژ ماون، یارییەکانی مۆندیالی 2026 دەستپێبکەن.
بەپێی هەواڵی میدیای ئەرجەنتین، یاریزانەکە داوای گۆڕانکاریی کردووە، دوای ئەوەی هەستی بە ئازار کردووە، لە ماسوولکەی بەشی دواوەی رانی چەپی، بۆیە یاریزانەکە وەکو رێکاری خۆپارێزی لە پێکانی قورس داوای گۆڕانکارییکردووە.
دوای یارییەکە هەمووان چاوەڕێی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بوون، هەر کە گیێرمۆ هویۆس، راهێنەری ئینتەرمەیامی گەیشتە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی، هەمووان پرسیاریان لەبارەی مێسییەوە لێکرد، بەڵام ئەو گوتی "قسەم لەگەڵ مێسی نەکردووە، تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێکی پزیشکیمان نییە، بەڵام لە ماوەی داهاتوودا زانیاریی روون دەبێت، بەڵام پێشبینی دەکەم ئەوە تەنیا هەستکردن بووبێت بە ئازار".
پرسیار لە ماتیۆ سیلڤێتی، یاریزانی یانەی ئینتەرمەیامی کرا، نیگەرانییەکی زۆر هەیە لەبارەی ئەوەی بەسەر مێسی هات، بەتایبەت کاتێک لە یاریگا چووە دەرەوە، دەتوانیت پێمان بڵێی لەسەر کورسی یەدەگەوە چ هەستێک هەبوو؟ چی بەسەرهاتووە؟ ئەو یاریزانە لە وەڵامدا گوتی "من وەک ئەرجەنتینییەک هەمان هەستی هەمووانم هەیە. هەوڵمدا بیبینم کاتێک چوومە ناو یاریگا بارودۆخی چۆنە، بەڵام بە راستی نەمبینی. نازانم لە بەشی پزیشکی بوو یان چۆن یاریگای بەجێهێشت. نازانم، نازانم. بۆیە وەک دەڵێم، نەمبینیوە. منیش وەک هەموو خەڵکی ئێرە هەمان گومان و پرسیارم هەیە."
پێکانی لیۆنێل مێسی لە یارییەکەدا کاردانەوە و نیگەرانییەکی زۆری لای ئەرجەنتنییەکان دروستکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا یانەی ئینتەرمەیامی و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەرجەنتین، هیچ زانیارییەکیان لەبارەی پێکانی لیۆوە بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ