ئەلۆنسۆ خەونە گەورەکەی بارسێلۆنا لەباردەبات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا لە هەوڵەکانیدا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ جواو پێدرۆی هێرشبەری چێڵسی، رووبەڕووی رێگرییەکی گەورە بووەتەوە، پاشئەوەی میدیاکان گوتیان، بلووز بەنیازنییە بەهیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت.
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، یەکێک لە پێداگرییە سەرەکییەکانی چابی ئەلۆنسۆ لە مەشقدانی چێڵسی و رێکخستنەوەی تیپەکە، بەردەوامبوونی جواو پێدرۆیە لە یانەکە.
ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە، چێڵسی تەنانەت ئەگەر دەستەوارەیەکی خەیاڵیشی پێبگات، دەستبەرداری پێدرۆ نابێت، چونکە لە بنەمادا، ئەلۆنسۆ رێگە بەوە نادات.
پێشتر رۆژنامەی 'سپۆرت'ئ ئیسپانی گوتبووی کە بارسێلۆنا دانوستاندنی سەرپێی، لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی جواو پێدرۆ کردووە و پاش رەزامەندی، ئیدی هەنگاوی فەرمی دەنێت بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی، بەڵام یانەکە پێیوایە ئەو یاریزانە، بۆ ئێستا و داهاتووی یانەکە ستراتیجییە و ناکرێ پاش تەنیا یەک ساڵ یارییکردن، رێگە بەڕۆیشتنی بدرێت.
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، ئەلۆنسۆ کە بەفەرمی مەشقدانی یانە لەندەنییەکەی وەرگرتووە و لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەستبەکاردەبێت، پێیوایە ئەو هێرشبەرە 24 ساڵییە، پایەیەکی سەرەکی هێڵی هێرشبەری یانەکە دەبێت بۆ چەند وەرزی داهاتوو.
بلووز دەیەوێت ئەو پشێوی و بێسەروبەرییەی لە چەند وەرزی رابردوودا بەرۆکی یانەکەی گرت، رێکبخاتەوە و بەئاسانی رێگە بە رۆیشتنی هیچ یاریزانێکی نادات.
بارسێلۆنا لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، رێگەی بە رۆیشتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هێرشبەری ژمارە 9ی یانەکەدا و ئێستا یانەکە دەبێ شوێنگرەوەیەک بهێنێتە ریزەکانییەوە.
پێدرۆ تەنیا یەک وەرز لە چێڵسی یارییکردووە، 20 گۆڵ و 9 ئەسیستی هەبووە، ئەوە وایکردووە بەهای ئەو لە بازاڕی گواستنەوەدا بگاتە سەرووی 80 ملیۆن یۆرۆ.
بەپێی سەرچاوە ئینگلیزییەکان، بەرپرسانی چێڵسی خۆیان ویستوویانە لە رێگەی میدیاکانەوە ئەو پەیامە بۆ بارسا و هەر یانەیەکی دیکە بنێرن، کە ئامادەنین لە ژێر هیچ بارودۆخێک و بە هیچ دەستەوارەیەک، رێگە بە رۆیشتنی جواو پێدرۆ بدەن.
لە بەرامبەردا میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، خاڵی هەر وروژێنەر لە دەستەوارەی بارسادا بۆ پێدرۆ، بەشداریکردنە لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، پاشئەوەی بارسا ئەوەی بەدەستهێنا، بەڵام چێڵسی نەیتوانی بگاتە هیچ پاڵەوانێتییەکی ئەورووپی.
'سپۆرت' دەڵێ، ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە کە پێدرۆ هێرشبەری سەرەکیی یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرەکانی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو بێت.