ریکێلمی ئینریکێ: بارسێلۆنایەکی بەهێزمان ناوێت، دەبێ هەمووان رێز لە ریال مەدرید بگرن


رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی هەڵبژاردنی یانەی ریال مەدرید رایگەیاند، بەربژێربوونی ئینرنیکێ ریکێلمی بۆ پۆستی سەرۆکی یانەکە پەسندکردووە و ئەو سەرمایەدارە، بەفەرمی بووە رکابەری فلۆرێنتینۆ پێرێز، لەسەرۆکایەتی یانەکە.
 
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکردووە، "لیژنەی هەڵبژاردن بەکۆی دەنگ، بڕیاریدا بەپەسندکردنی بەربژێربوونی بەڕێز ئینریکێ خۆسێ ریکێملی ڤیڤێس، بەپێی مادەی 40ی پەیڕەوی نێوخۆی ئێستای یانەکە".
 
بڵاوکراوەکە ئاشکرایکردووە، ریکێلمی سەرجەم بەڵگەنامەکانی خۆناساندن و لیستی ناوی بەربژێرانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە، لەگەڵ واژۆی هەموواندا داوەتە لیژنەکە، هەروەها بەرنامەی خۆبەربژێرکردنەکەی، ئەمە جیا لە دۆکۆمێنتی دەستەبەری بانکیی پێویست، بۆ بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکی یانەکە.
 
تاوەکو ئێستا ریال مەدرید بەفەرمی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەکەی رانەگەیاندووە، بەڵام هەریەکە لە فلۆرێنتینۆ پێرێز و ئینریکێ ریکێلمی، لە دوای پەسندکردنی ناوەکانیان لەلایەن لیژنەی هەڵبژاردنی یانەکەوە، دەتوانن هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێبکەن.
 
بەربژێربوونی ریکێلمی، دەرگای ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتیی یانەکە لە دوای 20 ساڵ بەکراوەیی دەهێڵێتەوە، چونکە لە دوای ساڵی 2006ەوە، لە هەڵبژاردنەکانی یانەکەدا، پێرێز بەتەنیا و بێ رکابەر و بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی یانەکە، دەبووەوە بەسەرۆک، بەڵام ئەمجارە ناچارە رکابەریی تووند لەپێناو بەدەستهێنانەوەی کورسییەکەیدا بکات.
 
ریکێلمی هەموو شتێکی ئامادەکردووە
 
ریکێلمی لە هەنگاوێکی ستراتیجیی گرنگدا، لە چوارچێوەی دەستپێکردنی هەڵمەتی بەربژێربوونەکەی بۆ سەرۆکایەتیی یانەکە،  پاش پەسندکردنی ناوەکەی وەک بەربژێری سەرۆکایەتیی یانەکە، لیستی تەواوی ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکەی ئاشکراکرد، کە لە کاتی بوونی ئەو بەسەرۆکی یانەکە، پۆستەکانی دەستەی کارگێڕیی ریال مەدرید پڕ دەکەنەوە.
 
لیستەکەی ئینریکێ لە 11 ئەندامی دەستەبژێری ریال مەدرید پێکهاتوون کە بزنسمان و پسپۆرانی نزیکن لە خۆیەوە.
 
بەپێی ئەو لیستەی کە ئەو بەربژێرە ئاشکرایکردووە، ئانتۆنیۆ میدینا کوادرۆس، بەربژێرە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی یانەی ریال مەدرید.
 
کوادرۆس پارێزەرێکی دیاری ئیسپانییە، ئێستا ئەمینداری ئەنجوومەنی گرووپی کۆکسی فرە وڵاتینامەیە.
 
میدینا ئەزموونێکی فراوانی لە نێو یانەی ریال مەدریددا هەیە، ئەو پێشتر ئەمینداری گشتیی یانەکە و ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی تیپی تۆپی پێی یانەکە بووە، هەروەها ماوەیەک جێگری سەرۆکی جێبەجێکار و ئەمینداری گشتیی ریال مەدرید بووە.
 
 لیستەکە کێی دیکەی تێدایە؟
 
لیستەکەی ریکێملی هەروەها خۆسێ ئۆلیڤی پینا، بەڕێوەبەری دارایی گرووپی کۆکسی جیهانیی لەخۆ دەگرێت. هەروەها فابیان ساینز گارسیای بزنسمانی مەکسیکی، خاوەنی وەبەرهێنان لەسەرئاستی نێودەوڵەتی و دانیال ڤیسێنتی نیکۆلاس میراس، کە لە نەوەی سێیەمی ماڵباتی دامەزرێنەرانی کۆمپانیای نیکۆڵزە بۆ زێڕ.
 
لیستەکە هەروەها هەریەکە لە رۆسارۆ ڤارۆ رۆدریگێز، سەرۆکی کۆمپانیای GAT Inversiones و ئەندامی یانەکە لەماوەی 12 ساڵی رابردوودا لە خۆدەگرێت. ئەمە جیا لە راول رۆدریگێز گۆنزالیس، بەڕێوەبەری پەیوەندییە دامەزراوەییەکانی نووسینگەی میدینا کوادرۆس، بۆ پارێزەری و ئەندامی یانەکە لە ساڵی 1997ەوە. هەروەها دکتۆر ئانخێل مارتین هێرناندێزی دامەزرێنەری نۆڕینگەی مینۆرکای پزیشکی.
 
ئەندامانی دێرین و ئافرەتێک
 
ئەنجوومەنە کارگێڕییەکەی ریکێملی، هەروەها خۆسێ ئالبێرتۆ مارتینێز سیرۆ لە خۆ دەگرێت کە ماوەی زیاتر لە 56 ساڵە ئەندامی یانەکەیە و ژمارەی ئەندامێتییەکەی 4209یە.
 
خوان میندۆزا سۆلانۆی خاوەن ئەزموونی گەورە لە کەرتی بازرگانیی ئۆتۆمبێل و رۆسیۆ سوپرینی پاچۆت، کە تاکە ئافرەتی نێو لیستەکەیە و بەڕێوەبەری دارایی گرووپی QDQی میدیاییە و ماوەی 3 ساڵە ئەندامی یانەکەیە، ناویان لە نێو لیستەکەی ریکێلمیدایە. ئەمە جیا لە فرانسیسکۆ گاسپار ریکمێلی کە دەبێتە ئەمینداری گشتیی یانەکە، کە ئێستا سەرۆکی گرووپی 'بێست فروت'ە و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی یانەی ریال مەدرید بووە.
 
رێز بۆ کارەکانی پێرێز، گۆڕانکاریمان دەوێت
 
ئینریکێ ریکێملی، کە ئەمڕۆ سەنتەری پڕوپاگەندەی خۆبەربژێرکردنی لە نزیک یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ کردەوە، چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ رۆژنامەی 'مارکا' کردووە و باسی چەندین دۆسێی جیاوازی یانەکە و وەرزشی ئیسپانیای کردووە، بەتووندی هێرشی کردووەتە سەر یانەی بارسێلۆنا، بەهۆی دۆسێی نێگرێراوە.
 
لەبارەی ئەگەری بوونی 'کێشەی ناوبانگ' لە یانەکەدا، ئەو بەربژێرە دەڵێ، "ئەوە بابەتێکی زۆر هەستیارە، ئێمە پێشتر بەپێی لێکۆڵینەوەکان، خۆشەویستترین یانەی ئیسپانیا بووین، بەڵام ئێستا وانەماوین، وێڕای ئەوەی کە ئێمە بەناوبانگترین دامەزراوەی وەرزشین لەسەرئاستی جیهان".
 
ئەو دەڵێ، "ئەو پێگەیەی ریال مەدرید هەیەتی، بەهۆی میراتێکی مێژووییەوە لەلایەن سەرۆکی ئێستاوە بەدەستهێنراوە، کە دەبێ پێزانینمان هەبێت بۆی. بەڵام ئەگەر بمانەوێت وەک بەهێزترین مارکەی بازرگانیی وەرزش لە جیهاندا بەردەوام بین، پێموایە پێویستمان بەگۆڕانکارییە. کاتێک پڕۆژەیەک ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت، تەنگژەکان لە کۆتاییدا دەبنە ناکۆکیی کەسی نێوان تاکەکان، کاتێکیش ناکۆکییە کەسییەکان دەکەونە پێش بەرژەوەندییەکانی دامەزراوەکەوە، ئیدی ململانێ دروست دەبن".
 
شەڕی هەمووانمان پێناکرێت
 
بەربژێرەکەی سەرۆکایەتیی یانەکە، هەڵوەستەی لەسەر ناکۆکییە بەردەوام و گەورەکانی ئێستای یانەکە لەگەڵ هەموواندا کردووە. ئەو دەڵێ "ناتوانین لە دۆخی شەڕدابین لەگەڵ هەمووان، راستە دەبێ بەتووندی بەرپەرچی هەر کەس و لایەنێک بدەینەوە کە دەیەوێت زیان بە ریال مەدرید بگەیەنێت، وەکئەوەی هەندێکجار روویداوە و ناکرێ یانەکە رێگە بەوەبدات، کەس لە گەورەیی و رێزی کەمبکاتەوە".
 
ریکێلمی هەروەها هەڵوەستەی لەسەر بارسێلۆنای رکابەری سەرەکیی ریال مەدرید کردووە و دەڵێ، "بەڵام لە بەرامبەردا، ناکرێ ریال مەدرید پشتگیریی یانەیەک بکات کە دۆسێی نێگرێرای ئەنجامداوە. ئێمە لە ئەنجوومەنی گشتیی یانەکە لە 2024 پشتگیریمان کردن، بەبیانووی ئەوەی کە ریال مەدرید، پێویستی بە بارسێلۆنایەکی بەهێز هەیە.. بەڵام من پێویستم بەبارسێلۆنایەکی بەهێز نییە، من پێویستم بەوە هەیە ریال مەدرید ئەوەندە بەهێز بێت، رکابەریی هەمووان بکات، پێویستمان بەوە هەیە کە ئەوانیدیکە فێربن رێزمان بگرن، نەک لێمان بترسن، چونکە جیاوازییەکی زۆر، لە نێوان رێز و ترسدا هەیە".
 
دەبێ باشترینەکان بێنە ریال
 
ملیاردێرە گەنجەکە لەبارەی داهاتووی تیپەکەی ریال مەدرید و شێوازی بیرکردنەوەی ئەو لە بەڕێوەبردنی تیپەکە دەڵێ، "دووپاتیدەکەمەوە کە ئێمە ناوی گرنگمان هەن کە دێنە ریال مەدرید، باشترین ئەو یاریزانانەی ریال مەدرید پێویستی پێیانە، دێنە تیپەکە، ئەمە جیا لە چەسپاندنی بەها پیشەگەرییەکانی وەرزش و لەو چوارچێوەیەشدا، دەبێ ریال مەدرید راهێنەرێکی لێهاتوو و پلانێکی پیشەگەرانەی هەبێت، ئەمە نەک تەنیا بۆ تیپی یەکەم، بەڵکو دەبێ لە ئەکادیمیاکانیشماندا هەمان شت هەبێت".
 
ئەو دەڵێ، "ناکرێ ئێمە لەوەدا هەژاربین کە یاریزانمان هەبێت لە ئەکادیمیاوە سەریان بخەین بۆ تیپی یەکەم، لە کاتێکدا یانەکانی دیکەی ئیسپانیا کە رکابەریی راستەوخۆمان دەکەن، هەڵبژاردەی نیشتمانی پڕدەکەن لەو یاریزانانەی دەرچووی ئەکادیمیاکانیانن".
 
ریکێلمی جەخت لەسەر بەرهەمهێنانی یاریزان لە ئەکادیمیاکانی ریال مەدرید دەکاتەوە و دەڵێ، "دەمانەوێت ئەکادیمیاکانمان بناخەی پێکهاتەکەمان بن، دواتر یاریزانان سەربخەین بۆ تیپی یەکەم.. دەبێ ریال مەدرید ئەو بەهایانە بەدەست بهێنێتەوە کە پێشتر خۆشبەختانە هەمانبوون، بەڵام بەداخەوە بەتێپەڕینی کات داخوران و ئەوەش مایەی دڵەڕاوکەیەکی زۆر گەورەیە".
 
یەکەم بڕیار چی دەبێت؟
 
لەبارەی یەکەم کارەوە لە یانەکە بیکات، پاش وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتییکردنی یانەی ریال مەدرید، ریکێلمی دەڵێ، "هەندێک بڕیار هەیە کە وردە وردە جێبەجێیان دەکەین، بوونی تیمێکی کامڵی کارکردن، باشییەکەی ئەوەیە کە توانای ئەوەمان دەبێت، لە یەک کاتدا، چەند کارێک پێکەوە ئەنجام بدەین".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "یەکەم هەنگاو کە دەینێم ئەوەیە کە وابکەم تیمەکەم هەر کەسە و بەپێی تایبەتمەندیی خۆی، یەکەم بڕیاری خۆیان بدەن، چ لەسەر ئاستی وەرزشی، یان بەڕێوەبەری گشتیی یانەکە، یان تیپی باسکە، یان لایەنی دامەزراوەیی، یان دارایی، یان چاودێریکردن، یاریگا، تیمی یاسایی و هەموو ئەوانە لەپێناو یەک شت کاردەکەن، باشترکردنی بەڕێوەبردن و زیادکردنی روونی لە کارەکاندا".
 
لەبارەی یەکەم هەنگاوی کاری خۆیەوە لە سەرۆکایەتییکردنی یانەکە، سەرمایەدارە مەدریدییەکە دەڵێ، "بەخشینی سیمای پیشەیی و پیشەگەریی تەواوە بەسەر ریال مەدریددا، دواتریش دەستکردن بە بونیادنان".
 
ریکێملی، لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاڵنگاریی گەورەی کردووە، پلانی زۆری بۆ داڕشتنەوەی هەموو پێکهاتەکانی دامەزراوەی ریال مەدرید داناوە، گرەوی گەورەشی لەسەر تیپی تۆپی پێی یانەکە کردووە، بەڵام روون نییە ئایا دەتوانێت لە رێگای بوون بەسەرۆکی یانەکە، ئەو کارانە بکات، یان نا؟.