ماملێ و مۆندیال و مێسی!!!.

زاگرۆس نانەكەلی

دەكرێ خوێنەر بپرسێ مانشێتی ئەم ستوونە لەچییەوە هاتووە، پاشان بۆ یەكەمجار ماملێ دواتر مۆندیال وپاشان مێسی، هەروەها مافی خۆیانە کە ئەمانە چ پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە؟.

ماملێ گۆرانی بێژێكی ناوداری كورد و مۆندیال جۆل ریمیەی فەڕەنسی دایمەزراندووە ومێسی خەڵكی ئەرجەنتینە، وابزانم هیچیان بۆ یەكتری نابن!، سەرەتا ماملێم دانا چونكە ساڵی 1925 لە شاری مەهابادی جەرگەیی لەدایكبووە، مۆندیالیش لە ساڵی 1930 دامەزراوە،مێسی یش لە ساڵی 1987 لەدایكبووە، من حەقی كەس ناخۆم، ئەمە یاسای ژیانە، دەگێڕنەوە جارێك ماملێی كۆچكردوو لە تاران داوەتی دەوڵەمەندێكی زەبەلاح دەبێت، كە بەختی ماملێ ئەم دەوڵەمەندە كوردە وعەشقی دەنگی ماملێ یە، ماملێ ئاهەنگێكی بۆ ساز دەكات و هەموو دەوڵەمەندەكانی ئەو وڵاتەی كۆكردۆتەوە، پیاوە بزنسمانەكە لەناوەڕاستی ئاهەنگەكە ولەبەردەم هەموو میوانان بە ماملێ دەڵێت: گۆرانیەك لەسەر من بڵێ!، ماملێ زۆر بەجوانی سەیری دەكات و بەبێ دوو دڵی پێی دەڵێت: (.....بخۆ!!)، ئیدی خەڵكی ئاهەنگەكە هەست دەكەن ئەو دەوڵەمەندە ماملێ لەناو دەبات، دەوڵەمەندەكە لەناو خەڵك هەڵدەستێتەوە دێتە لای ماملێ لەبەر دەمی چۆكدا دەدات بە مامڵێ دەڵێ: ئینجا لەجاران زیاتر خۆشم دەوێی!.

كاتی پاڵاوتنەكانی مۆندیالی روسیا بوو ئەرجەنتین ومێسی وەزعیان شڕ بوو،پوتینی سەرۆكی رووسیا گوتی: مۆندیال بەبێ مێسی بەرێوەناچێت، عەجایب ئەوە كوی زانی!، بەهەرحاڵ لەم رۆژانەی دوای بڕیاربوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یارییەكی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسرائیل بكات وئینجا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین راستەوخۆ بەرەو رووسیا بڕوات، یارییەكە كێشەی سیاسی تێكەوت ونەكرا، تاوەکو ئێرە ئاساییە، بەڵام ئەوەی سەیر وجیگای هەڵوەستەیە، سەرۆكی ئەرجەنتین دەڵێ من ناتوانم دەستكاری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و بڕیارەكانی مێسی بم، هەڵویستی ماملێ مان بینی، هزر و بیركردنەوەی دیموكراسی مێسی و سەرۆكی ئەرجەنتین بەهەمان شێوە كە ناتوانێت تێكەڵ بڕیارەكانی میسی بێت، چونكە ئەمە بێ دەسەڵاتی و ترس نیە، بەڵكو عەقلی دیموكراسی سەردەمە لەنێو كۆمەڵگای ئەو وڵاتەیە گەشەی بۆ بواری وەرزشیش كردووە.

با لە كۆتاییدا فێری چەند وانەیەك بین تا لە ژیان ماوین كاری پێبكەین وسوودی بۆ خۆمان ونەتەوەكەمان هەبێت، زۆر گرنگە مرۆڤ خاوەن كەسایەتی خۆی بێت، جا هەژار یان دەوڵەمەند، بەرپرس یان بەتاڵ، دیموكراسی لە گرنگەكانی ژیانە گەر بوونی هەبێت، بەڵێ كەسایەتی ودیموكراسی دوو هۆكارن مرۆڤەكان كایەكانی وڵات بەرەو لووتكە دەبەن.