فیفا لەسەر دەنگۆی بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخش لەلایەن رووسیا هاتە دەنگ


رووداو - هەولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی رای خۆی لەسەر ئەو هەواڵانە راگەیاند کە پێشتر ئاماژەیان بەوەدابوو یاریزانانی هەڵبژاردەی رووسیای بەشدار لە مۆندیالی 2018 وزەبەخشیان بەکارهێناوە.

فیفا وەڵامی ئەو تۆمەتانەی داوەتەوە کە پێشتر رۆژنامە بەریتانییەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان باسیان کردووە و لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی کە هیچ یاریزانێکی ئەو هەڵبژاردەیە بنەماکانی رێگری لە وزەبەخشەکانیان پێشێلکردبێت.

بڵاوکراوەکە زیاتر دەڵێ مانگی پێشوو لێکۆڵینەوەمان لەو ئەگەرانە لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەکەدا کرد و ئێستا پاش دڵنیابوونەوە، لێکۆڵینەوەکەمان داخست.

پێشتر فیفا لێکۆڵینەوەی لە رۆسلان کامپۆلۆڤی بەرگریکەری یانەی رۆبن کازان کردبوو کە گومانی بەکارهێنانی وزەبەخشی لێدەکرا، بەڵام ئەو یاریزانە بەر لە مۆندیال دووچاری پێکان بوو.
فیفا زیاتر دەڵێ هەموو لێکۆڵینەوەیەکمان ئەنجامدا و هیچ بەڵگەیەکمان لەسەر تۆمەتەکان دەستنەکەوت.

پێشتر رۆژنامەکانی بەریتانیا رایانگەیاندبوو یاریزانانی ئێستای هەڵبژاردەی رووسیا بەشێوەی فراوان وزەبەخشیان بەکارهێناوە.