ڤیدیۆ؛ بایرن دۆڕا و لە قۆناخی داهاتوودا ئەرکی ئاسان نییە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بێنفیکا بەیەکەمی کۆمەڵەی سێیەم گەیشتە قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکان، دوای ئەوەی لە دوایین گەڕی ئەم قۆناخەدا سەرکەوتنی بەرامبەر بایرن میونشن بەدەستهێنا.
هەر زوو بێنفیکا بەهێزەوە چووە نێو یارییەکە و گوشاری زۆری خستە سەر گۆڵی بایرن، دوای 12 خولەک یارییکردن ئاندریاس شێلدێروپ گۆڵی پیشکەوتنی بۆ یانە پۆرتوگالییەکە تۆمارکرد.
دوای ئەم گۆڵە بایرن میونشن چەند هەوڵێکیدا بۆ ئەوەی ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، بەتایبەت لە رێگەی هاری کەینەوە، بەڵام بێ ئەنجامبوو، یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی یانەی بێنفیکا کۆتاییهات.
یانە پۆرتوگالییەکە بووە خاوەنی 7 خاڵ و بە یەکەمی کۆمەڵەکە گەیشتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال، بایرن میونشن بە دووەمی کۆمەڵەکە سەرکەوت.
لە قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکاندا، یانەی بێنفیکای پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەم لە رۆژی 28ـی ئەم مانگە بەرامبەر یانەی چێڵسیی دووەمی کۆمەڵەی چوارەم یاری دەکات، یانەی بایرن میونشنی دووەمی کۆمەڵەی سێیەم، رووبەڕووی یانەی فلامینگۆی پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی چوارەم دەبێتەوە و یارییەکەیان کاژێر 23:00 لە شەوی 29ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.