3 کەس دەتوانن کۆتایی بە سەرەڕۆییەکانی لامين یامال بێنن

رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژ بەڕۆژ کارە لاسارییەکانی لامین یامال زیاد دەبن و مەترسی ئەوە لەئارادایە ئەو کارانە داهاتووی وەک یاریزانێکی تۆپی پێ بخەنە مەترسییەوە. 3 کەس هەن دەتوانن ئەو یاریزانە لە رووخان رزگار بکەن.
 
لامین یامال، بەهرەمەندە گەنجە سەرکەوتووەکەی یانەی بارسێلۆنا، بەهیوا و داهاتووی یانە کەتەلۆنییەکە دادەنرێت. بە توانای تاکەکەسیی ناوازە و لێهاتوویی لە بڕینی بەرگریی رکابەرەکاندا، سەرنجی هەمووانی راکێشاوە و هاندەرانی سەرسام کردووە.
 
بەڵام لەم دواییانەدا، چەند "ئاماژەیەکی مەترسیدار" دەرکەوتوون کە پێویستیان بە دەستوەردانێکی بەپەلە هەیە بۆ پاراستنی ئەم بەهرەیە و ئاراستەکردنی بەرەو رێڕەوی راست، پێش ئەوەی درەنگ بێت و ببێتە کوڕێکی لاسار.
 
ئەم ئاماژانە چەند لایەنێکی نیگەرانکەر لەخۆدەگرن:-
 
یەکەم/
یامال رووبەڕووی هێرشێکی بەردەوامی هاندەرانی تیپە رکابەرەکان دەبێتەوە، ئەمە رەنگە لە هەلومەرجی دیکەدا ئاسایی بێت، بەڵام بەهۆی هەندێک رەفتاری خۆیەوە، هەندێک کەس پێیانوایە ئەم هێرشە پاساوی هەیە.
 
دووەم/
دەرکەوتنە میدیاییەکانی زۆر بووە و زۆرجار لێدوان و پۆستی مشتومڕاوی بڵاودەکاتەوە، لەکاتێکدا رەنگە بێدەنگی لە هەندێک کاتدا بۆ یاریزانێک لە تەمەن و پێگەی ئەودا ژیرانەتر بێت.
 
سێیەم/
هەواڵەکان باس لە نیگەرانیی هەندێک لە هاوڕێکانی دەکەن لە یانەکەدا سەبارەت بە هەندێک رەفتاری، جا چ داواکاریی ماددی بێت لەکاتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیدا، یان داواکاریی هونەری لەنێو یاریگەدا وەک داواکردنی لێدانەکانی سزا و تۆپە جێگیرەکان.
 
چوارەم/
دەستوەردانی زیادەڕۆییانەی باوکی لە ژیانی وەرزشییدا نیگەرانییەکی گەورەی دروستکردووە؛ مێژوو سەلماندوویەتی کە دەستوەردانی زۆری خێزان لە کاروانی وەرزشیی یاریزاناندا زۆرجار دەبێتە هۆی کێشە و مشتومڕ، هەرچەندە چەند حاڵەتێکی دەگمەنیش هەن.
 
پێنجەم/
لەم دواییانەدا چەند ڤیدیۆیەک بڵاوبوونەتەوە کە لایەنگریی جیاوازی خۆی و باوکی نیشان دەدەن، یامال بەدرێسی هەڵبژاردەی مەغریبەوە دەرکەوتووە لەکاتی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی سەرکەوتنیان لەمۆندیالی 2022، لەکاتێکدا باوکی بە درێسی ریال مەدریدەوە دەرکەوتووە؛ ئەمەش پرسیاری لەسەر راددەی دڵسۆزیی یاریزانەکە بۆ یانەکەی ئێستای دروستکردووە.
 
لەبەر رۆشناییی ئەم ئاماژە مەترسیدارانە، بوونی چەند کەسایەتییەک کە توانای دەستوەردان و ئاراستەکردنی لامين یامالیان هەبێت بۆ رێگریکردن لە هەڵەی زیاتر، بووەتە پێویستییەکی گرنگ.
 
3 کەسی دیار هەن کە دەتوانن ئەم رۆڵە ببینن:
 
1 - هانزی فلیک
راهێنەری ئێستای یانەی بارسێلۆنا دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەستدایە بۆ داڕشتنی داهاتووی یامال. فلیک، بەشێوازی راهێنانی رێکخراو و جەختکردنەوەی لەسەر پابەندبوونی تاکتیکی، دەتوانێت گرنگیی پابەندبوون لەنێو یاریگە و دەرەوەی یاریگەدا بەم یاریزانە گەنجە ببەخشێت.
 
هەروەها فلیک کەسایەتییەکی بەهێزی سەرکردانەی هەیە و دەتوانێت رێز و پابەندبوون بەسەر هەموو یاریزانەکاندا بسەپێنێت، بە بەهرە گەنجەکانیشەوە. لە رێگەی دانانی پێشبینیی روون و دابینکردنی پشتیوانیی پێویست. فلیک دەتوانێت یارمەتی یامال بدات بۆ گەشەپێدانی لایەنە هونەری و تاکتیکییەکانی لەگەڵ پاراستنی تەرکیز و سادەیی خۆی.
 
2 - چاڤی هێرناندێز
چاڤی ئەو کەسەیە کە لامين یامالی دۆزییەوە و پێشکەشی تیپی یەکەمی کرد، گومانی تێدا نییە کە یاریزانەکە و باوکی رێزێکی زۆری لێدەگرن. تەنانەت دوای رۆیشتنیشی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە، چاڤی دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە ئاراستەکردن و پێشکێشکردنی ئامۆژگاری بە یامال ببینێت، بەپشتبەستن بە ئەزموونە گەورەکەی وەک یاریزانێکی بارسێلۆنا.
 
چاڤی بەتەواوی لەو گوشارانە تێدەگات کە رووبەڕووی یاریزانە گەنجەکانی یانە کەتەلۆنییەکە دەبنەوە، چونکە خۆی وەک یامال دەرچووی ئەکادیمیای "لاماسیا"یە و دەتوانێت رێنوێنیی پێویستی پێشکێش بکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گوشارانە و چۆنیەتیی پاراستنی تەرکیز و سادەیی. جگە لەوەش، چاڤی نوێنەرایەتیی بەها و نەریتەکانی یانەی بارسێلۆنا دەکات و دەتوانێت ئەم بەهایانە بۆ یامال بگوازێتەوە.
 
3 - لیۆنێل مێسی
ئایکۆنە ئەفسانەییەکەی یانەی بارسێلۆنا نموونەیەکی باڵایە بۆ یاریزانێکی ئاواتخواز، سەرکەوتوو و خۆبەکەمزان.
 
سەرەڕای رۆیشتنی لە یانەکە، کاریگەریی مێسی لەسەر بارسێلۆنا و هاندەرانی هێشتا بەهێزە. مێسی دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە ئاراستەکردنی لامين یامالدا ببینێت لە رێگەی پەیوەندیکردن و پێشکەشکردنی ئامۆژگاری بەپێی ئەزموونە زەبەلاحەکەی لە تۆپی پێدا.
 
مێسی لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا بە چەندین ئاڵنگاری و گوشاری گەورەدا تێپەڕیوە و دەتوانێت ئەزموونەکانی خۆی لەگەڵ یامالدا هاوبەش بکات و یارمەتی بدات لە تێپەڕاندنی سەختییەکان.
 
جگە لەوەش، تەنیا بوونی کەسایەتییەک بە قەبارەی مێسی کە پشتیوانی و رێنوێنیی یامال بکات، کاریگەرییەکی ئەرێنیی گەورەی لەسەر متمانەبەخۆبوون و ورەی یاریزانەکە دەبێت.