ناپۆلی و کۆنتێ شۆڕشێکی گەورەیان لە مێرکاتۆ راگەیاندووە

رووداو دیجیتاڵ
 
لەسەر داوای ئەنتۆنیۆ کۆنتێ، یانەی ناپۆلی بڕیاریانداوە نزیکەی 150 ملیۆن یۆرۆ خەرج بکەن و چەند یاریزانێک بگوازنەوە.
 
یانەی ناپۆلی، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو لەژێر سەرکردایەتی ئەنتۆنیۆ کۆنتێ، نازناوی خولی ئیتاڵیای بردەوە، چاوی لەوەیە درێژە بە سەرکەوتنەکانی بدات و تیپێکی تۆکمەتر بۆ وەرزی داهاتوو ئامادە بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر ئاستی ئیتاڵیا و ئەورووپاش رکابەریی بکات.
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ئیتاڵی، ئەنتۆنیۆ کۆنتێ، مەرجی مانەوەی لە یانەی ناپۆلی ئەوە بووە، یاریزانی نوێی بۆ بکڕن و رێگەی پێبدەن بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی بەهێز دروستبکات.
 
یانەی ناپۆلی، ڤیکتۆر ئۆسیمینی بۆ فرۆشتن داناوە، ئەو یانەیە نایەوێت ئەو ئەستێرە نایجیرییە بگەڕێتەوە ناپۆلی و دەیەوێت راستەوخۆ بیفرۆشێت، بەڕێوەبەرانی ناپۆلی ئامادەن ئەو یاریزانە بەرامبەر دەستەوارەیەکی 65-75 ملیۆن یۆرۆیی بفرۆشن و یانەکانی هیلال و مانچێستەر یونایتد لەسەر هێڵن بۆ گواستنەوەی ئەو ئەستێرە نایجیرییە.
 
لەلایەکی دیکەوە، زۆربەی سەرچاوەکان رۆیشتنی بەرگریکاری یانەکە، رافا مارینیشیان راگەیاندووە. 
 
پیۆتێر زیلینسکی، ئەو ناوەڕاستکارەی ناپۆلی کە بە خواستن لە ئینتەرمیلان بوو، گرێبەستەکەی لەگەڵ ناپۆلی تەواو بووە، یانەکە نوێی ناکاتەوە و ریزەکانی یانەکە جێدەهێڵێت.
 
جگە لەوانە، گومان لە مانەوەی جیۆڤانی دی لۆرینزۆ، ماتیۆ پۆلیتانۆ و یاسپەر لیندستۆرم هەیە.
 
لەلایەکی دیکەوە، ناپۆلی سەرکەوتوو بوو لەوەی، کڤین دیبرۆین بە گواستنەوەیەکی سەربەخۆ بباتە ریزەکانی و ئەو ئەفسانە بەلجیکییە وەرزی داهاتوو، بە درێسی شینەوە لە یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا یاریدەکات.
 
ناپۆلی لەسەر ئاستی هێڵی بەرگری، چاودێریی چەند یاریزانێک دەکات.
 
ترێڤۆ چالۆبا، بەرگریکاری یانەی چێڵسی، ناوێکی گرنگە لە لیستی داواکارییەکانی کۆنتێ بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری یانەکە.
 
ماکس جۆنستۆن، بەرگریکاری راستی یانەی ستورم گراز، بژاردەی سەرەکیی ناپۆلییە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی دی لۆرینزۆ، ئەگەر یانەکە جێبهێڵێت.
 
ئارۆن وان بیساکا، ئەستێرەی یانەی وێستهام، یەکێکە لە بژاردەکانی ناپۆلی، بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری.
 
بۆ باشترکردنی هێڵی ناوەڕاست، ناپۆلی چاودێریی چەندین بژاردەی سەرنجڕاکێش دەکات.
 
لێویس فێرگسۆن، ناوەڕاستکار و کاپتنی یانەی بۆڵۆنیا، سەرنجڕاکێشترین یاریزانە لە لیستی بژاردەکانی یانەکە بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست، کۆنتێ دەیەوێت هێڵێکی ناوەڕاستی سکۆتلەندی لە ناپۆلی دروستبکات، پێکهاتبن لە سکۆت ماکتۆمینای، بیڵی گێلمۆر و لێویس فێرگسۆن.
 
یانەکە چاودێریی ناوەڕاستکاری بەهرەداری ئوکراینی، هیۆری سوداکۆڤ دەکەن، گواستنەوەی ئەو یاریزانە پێدەچێت نزیکەی 30-40 ملیۆن یۆرۆی تێبچێت.
 
بەتایبەت دوای رۆیشتنی کڤاراستخێلیا لە مانگی یەکی ئەمساڵ، ناپۆلی دەیەوێت باڵەکانی باشتر بکات و بۆ ئەوە، چاوی لە چەند یاریزانێکە.
 
نوا لانگ، ئەستێرەی هۆڵەندیی یانەی ئایندهۆڤن، زۆر نزیکە لەوەی ببێتە یاریزانی ناپۆلی.
 
یانەی ناپۆلی بەشێوەیەکی راستەوخۆ گفتوگۆیان لەگەڵ فێدریکۆ کیێزا دەستپێکردووە و دەیانەوێت ئەو یاریزانە وەرزی داهاتوو درێسی ئەو یانەیە بپۆشێت.
 
دوای ئەوەی زۆربەی سەرچاوەکان، رۆیشتنی گریلیشیان لە مانچێستەر سیتی پشتڕاستکردەوە، یانەی ناپۆلی لە نزیکەوە چاودێریی یاریزانەکەیان کردووە و دەیانەوێت بیبەنە خولی ئیتاڵی.
 
بژاردەیەکی دیکەی سەرنجڕاکێشی ناپۆلی، ئەلێخاندرۆ گارناچۆیە، ئەو ئەستێرەیەی مانچێستەر یونایتد کە دەیەوێت یانەکە جێبهێڵێت و نرخەکەی بە 70 ملیۆن دیاریکراوە، ناوێکی گەرمە لە لیستی داواکارییەکانی کۆنتێ.
 
جادۆن سانچۆ، نزیکترین و گرنگترین بژاردەی ناپۆلییە، ئەو یانەیە لە هەوڵی راستەوخۆدایە بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانی یانەکەیان.
 
ئیگۆر پایشاو، ئەستێرەی بەرازیلی یانەی فاینۆردی هۆڵەندی، لەبەر ئەوەی تواناکانی هاوشێوەی کڤاراستخێلیان، بژاردەیەکی گرنگی یانەکەیە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەو ئەستێرەیە.
 
یانەی ناپۆلی دەیەوێت، سەرەڕمێک یان چەند سەرەڕمێکی هەبێت بۆ وەرزی داهاتوو و ئەوەش وایکردووە لیستێکی تایبەتی هەبێت بۆ گواستنەوەی یاریزانی نوێ لەو شوێنە.
 
داروین نونێز، گرنگترین و نزیکترین یاریزانە لە ناپۆلی، یانەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول قسەیان کردووە و دەیانەوێت ئەو هێرشبەرە ئۆروگواییە ببەنە ریزەکانیان، ئەوەی کێشەیە لێرەدا، داواکارییەکانی لیڤەرپوولە، رێدز داوای 70 ملیۆن یۆرۆ دەکەن بۆ دەستبەرداربوون لە نونێز، بەڕێوەبەرانی ناپۆلیش پێیانوایە ئەو نرخە زۆر بەرزە بۆ یاریزانێکی لەو شێوەیە.
 
سێرهۆ گێراسی، ئەستێرەی بۆرووسیا دۆرتموند، یەکێکە لە بژاردەکانی یانەی ناپۆلی.
 
یانەی ناپۆلی بەردەوامن لە چاودێریکردنی ئەستێرە و هێرشبەری یانەی ئەی سی میلان، سانتیاگۆ خیمینێز.
 
بە چوونی چەند یاریزانێک و پڕکردنەوە و باشترکردنی شوێنە جیاوازەکانی پێکهاتەی ناپۆلی، کۆنتێ چاوی لەوەیە تیپێکی تۆقێنەر دروستبکات بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو رکابەریی لەسەر هەموو نازناوەکان بکات.