فاتی ڤاسکێز: کاتێک لەگەڵ لامین بووم، پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتێکی دیکەش هەبوو
رووداو دیجیتاڵ
فاتی ڤاسکێز، دوایین کچەهاوڕێی لامین یامال کە 12 ساڵ لە ئەستێرەکەی بارسێلۆنا گەورەترە، لە نوێترین لێدوانیدا ئاشکرایکردووە، ئەوکاتەی ئەم پەیوەندی لەگەڵیدا هەبووە، کەسێکی دیکەش لە ژیانیدا هەبووە.
لامین و ڤاسکێز، لەماوەی رابردوودا لە گەشتێکدا پێکەوە بینران و بوونە مانشێتی میدیای ئیسپانیا، پاشئەوەی چەندین وێنەی ئەوان لە پشووەکەیان لە ئیتاڵیا بڵاوکرایەوە.
پەیوەندییەکەی لامین و ڤاسکێز رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، کاتێک دەرکەوت جیاوازیی تەمەن لەنێوان ئەو دووانەیەدا 12 ساڵە.
لە وەڵامی ئەو رەخنە زۆرانەدا کە بەهۆی جیاوازیی تەمەنەوە لێیگیران، لامین یامال بەبێ ئاماژەدان بەهیچ کەسێک، لەئینستاگرام لە ژێر وێنەیەکی خۆیدا نووسی، "سینگڵ و دڵخۆش"، ئەو پۆستە بەوە لێکدرایەوە کە لامین پەیوەندی بە ڤاسکێزەوە نەماوە.
وەک ئەوەی پێشبینیدەکرا، فاتی ڤاسکێز وەڵامی لامینی دایەوە و بێئومێدییەکی روونی بەرامبەر هەڵسوکەوتەکانی ئەو یاریزانە دەربڕی.
ڤاسکێز، لە بڵاوکراوەیەکی تایبەتدا بۆ یەکێک لە پڕۆگرامە تەلەڤیزیۆنییەکانی ئیسپانیا، ئاشکرایکردووە، دەیەوێت سنوورێک بۆ هەموو هەڵمەتەکانی سەرلێشێواندن و ناوزڕاندن دابنێت.
ئەو دەڵێ، بەپاڵنەری ناوبانگ پەیداکردن لە لامین نزیک نەبوومەوە، دووپاتیکردووەتەوە ئەو خۆی بەرلەوەی لامین بناسێت کەسێکی ناسراو بووە، بەڵام پەیوەندییەکە "بەقووڵی ئازاریدام"، چونکە ئەو یاریزانە نەیدەتوانی رووبەڕووی دۆخەکە ببێتەوە یان بەئاشکرا راستییەکان روون بکاتەوە، پاشئەوەی مشتومڕی زۆر لەبارەی پەیوەندییەکەوە سەریان هەڵدا.
فاتی دەڵێ، "لەماوەی پەیوەندییەکەمدا، کاتێک چوومە لای لامین، بۆم دەرکەوت بەرلەوەی من بچم، ئافرەتێکی دیکە پێش من لەوێ بووە و تەنیا بەهۆی جیاوازیی چەند خولەکێکەوە یەکدیمان نەبینیوە، ئەم راستییە شۆکی کردم، هەرکەسێکی دیکەش بووایە لە جێگەی من، هەر هەمان هەڵوێستی دەبوو".
ئەو هەروەها دەڵێ، "من هیچ کاتێک بەرژەوەندی ماڵیم لەو پەیوەندییەدا نەبووە، من ئافرەتێکی سەربەخۆم لەوکاتەوەی تەمەنم بووەتە 18 ساڵ".
زیاتر دەڵێ، "زیاتر لە دە ساڵە لە سۆشیال میدیادا ناسراو و کارام، کاروانی من زۆر بەرلەدەرکەوتنی لامین دەستیپێکردووە، کاروانی من قوو و پیشەگەرانەیە، لەسەر بنەمای پیشەگەری و سەربەخۆیی دامەزراوە".
فاتی هەروەها دەڵێ، "قسەکانم بۆ ئەوە نییە بکەومە مشتومڕەوە لەگەڵ هیچ کەسێک، ئەوەشی زۆر ئازاریدام، ئەوەبوو کە خەڵک پێیانوابوو لامین کەسایەتییەکی بەناوبانگە، بۆیە من بایەخم پێداوە و پەیوەندیم لەگەڵی دروستکردووە، لە کاتێکدا راستییەکە دەبوو بەو شێوەیە ببینرێت کە منیش کەسایەتییەکی ناسراوم و دەکرێ ئەو سەرنجی ئەوەی دابێت، بۆیە لێم نزیکبووەتەوە".
لامین لە رۆژانی رابردوودا، بەسەردانێک لە بەرازیل بوو، لەوێ لەگەڵ نەیمار داسێلڤا دەرکەوت و دواتر گەڕایەوە ئیسپانیا.