کلاسیکۆی کوردستان لە فرانسۆ هەریری بەڕێوەدەچێت
رووداو هەولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە کاژێر 19:00 لە یارییەکی دواخراوی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری میوانداریی یانەی دهۆک دەکات.
بەیەکگەیشتنی هەولێر و دهۆک بە یاریی کلاسیکۆی کوردستان دادەنرێت، هەولێری میواندار دەیەوێت درێژە بدات بەبردنەوەکانی لەخولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆکیش ئامانجی کردنەوەی گرێکوێرەی ئەنجامە خراپەکانیەتی.
درێس زەردەکان لە یاریی رابردوویان بە ئاست و بە ئەنجام یانەی جەوییەیان لە بەغدا تووشی شۆک کرد، سێ خاڵیان لێوەرگرتن، بۆ ئەم یارییەش کوڕانی سەمیر بابۆی راهێنەر ئامادەن و هەموو هەوڵێکیان گێڕانی ئاهەنگی بردنەوەی کلاسیکۆی کوردستانە، یاریزانانی هەولێر سەرەرای ئەوەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و نازانن کەی کێشەکانیان کۆتاییدێت، بەڵام مۆڕاڵیان بەرزە.
کەیفی عەبدوڕەحمان، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر بۆ رووداو گوتی "بە هەموو شێوەیەک بۆ یارییەکە ئامادەین و دەمانەوێت بە هەمان ریتمی یاری پێشوو یاریبکەین، هیوادارم ئەو جەنگە جوانەی لە یاریی کلاسیکۆ هەیە تەنیا لەنێو گۆڕەپان و بێت و نەگوازرێتەوە لایەکی دیکەی یاریگە و هاندەران رێزی یەکدی بگرن".
پاڵەوانی جامی یانەکانی کەنداو دوایین یەکەی راهێنانی لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامدا، تیپەکە دوور لە چاوی کامێراکان و بەشێوەیەکی داخراو بۆ ململانێی هەولێر خۆی ئامادەکردووە، دهۆک لە حەوت یاری رابردوویدا نەیتوانیووە بباتەوە و دەیەوێت هاندەرانی ئاشت بکاتەوە.
یانەی دهۆک لەم یارییەدا بێبەش دەبێت لە تواناکانی چوار یاریزانی سەرەکی، کە بریتین لە هەریەک لە پیتەر گۆرگیس بەهۆی جێهێشتنی ریزەکانی یانەکەی، بەیار ئەبوبەکر، زانا عەلی و محەممەد سەعید بەهۆی پێکانەوە.
یانەی هەولێر بەکۆکردنەوەی 47 خاڵ لە پلەی دوازدەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، یانەی دهۆک 54 خاڵی هەیە لە پلەی حەوتەمی ریزبەندییە.