ڤیدیۆ؛ رکابەرییەکانی پێشبرکێی مەلەوانی لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رکابەرییەکانی پێشبرکێی مەلەوانیدا و لە رکابەرییەکانی 400 مەتریی ئاستی تاکی خانمان، ژاپۆن بەسەرکردایەتی یۆ ئوباشی میدالیایەکی زێڕی بردەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ رکابەرییەکانی ئەم پێشبڕکێیە بەڕێوەچوون، چاوەڕوانییەکان بۆ ئەوەبوون کاتینکا هوسوزۆی هەنگاری و خاوەنی میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی رابردوو بەرگری لە دەستکەوتەکەی بکات، بەڵام مەلەوانە ژاپۆنییەکە ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و بە چوار خولەک و 32 چرکە و 08 لە بەشی هەزاری چرکە کاتەکەی تەواوکرد و میدالیای زێڕی رکابەرییەکەی بۆ ژاپۆن بردەوە.
ئێما ویانتی ئەمریکی بە 4 خولەک و 32 چرکە و 76 لە بەشی هەزاری چرکە گەیشتە خاڵی کۆتایی و پلەی دووەم و میدالیای زیوی بردەوە، پلەی سێیەم و میدالیای برۆنزی رکابەرییەکەش بووە بەشی هالی فلیکنەری هاونیشتمانی کە ئەمیان بە 4 خولەک و 34 چرکە و 90 لە بەشی هەزاری چرکە کاتەکەی تەواوکرد. هەرچی کاتنیکا هوسوزۆی هەنگارییە نەیتوانی بەرگری لە میدالیای زێڕ بکات و پلەی چوارەمی بەرکەوت و هیچ میدالیایەکی لە رکابەرییەکەدا نەبردەوە
هەر لە مەلەوانیدا و لە رکابەرییەکانی 400 مەتریی تێکەڵاودا لەسەر ئاستی پیاوان، ئەمریکا دوو میدالیای بردەوە و پلەی یەکەم و دووەمی رکابەرییەکەیان بەدەستهێنا. چەیس کایلشی مەلەوانی 27 ساڵی ئەمریکی بە ئاستێکی نموونەییەوە دەرکەوت و بە چوار خولەک و 09 چرکە و 42 لە بەشی هەزاری چرکە ماوەکەی تەواوکرد و میدالیای زێڕی بۆ ئەمریکا بەدەستهێنا، لە دوای ئەو ئەمریکییەکی دیکە پلەی دووەم و میدالیای زیوی بردەوە، ئەویش جای لیسرلاند بوو کە ماوەکەی بە 4 خولەک و 10 چرکە و 28 لە بەشی هەزاری چرکە تەواوکرد. بریندۆن سمیسی ئوسترالی پلەی سێیەم و میدالیای برۆنزی بەدەستهێنا، ئەمیان بە 4 خولەک و 10 چرکە و 38 لە بەشی هەزاری چرکە گەیشتە خاڵی کۆتایی رکابەرییەکە.
هەڵبژاردەی ئوسترالیا ژمارەیەکی پێوانەیی لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆدا تۆمارکرد، دوای ئەوەی میدالیای زێڕی رکابەرییەکانی مەلەوانی 4 جاران 100 مەتریی لەسەر ئاستی خانمان بردەوە. مەلەوانانی ئوسترالیا بە ئاستێکی بەرز و سەرسوڕهێنەرەوە لە یارییەکەدا دەرکەوتن و میدالیای زێڕی رکابەرییەکەیان بۆ وڵاتەکەیان بردەوە، 3 خولەک و 29 چرکە و 69 لە بەشی هەزاری چرکە بەسبوو بۆ ئەوەی ئەستێرەکانی کەنگارۆ ریکۆرد تۆماربکەن و میدالیای زێڕ مسۆگەربکەن. تیپی ئوسترالیا لە کیت کامپل، ئیما ماکیۆن و میچ هاریس و برۆنتی کامبل پێکهاتبوو و میدالیای زێڕیان بۆ وڵاتەکەیان بردەوە. کەنەدا بە جیاوازیی سێ چرکە لەگەڵ ئوسترالیای میدالیای زیوی بردەوە و ئەمریکاش میدالیای برۆنز و پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.