هەکار گەردی نازناوێکی دیکەی بردەوە
رووداو هەولێر
هەکار گەردی، شەڕکەر و پاڵەوانی کورد توانی چوارەم نازناوی زێڕین لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتی تایلەند بباتەوە و جارێکی دیکە ئاڵای کوردستانی بەرزکردەوە. ئەو بە رووداو سپۆرتسی گوت "کارێکی ئاسان نییە چوارجار مەدالیای زێڕ ببەمەوە، ئەوە ماندووبوونێکی زۆری دەوێت".
ئەو پاڵەوانە شەش مانگە لەنێو کەمپ و راهێنانێکی چڕدایە لە شاری فۆکێتیی تایلەند، رۆژانە لەژێر چاودێری ژمارەیەک شارەزای یارییە جەنگییەکان لە کەمپی تایگەر موای تای راهێنان دەکات، پێشتر لەو وڵاتە توانیبووی سێ میدالیای زێڕ بباتەوە.
شەوی رابردوو هەکار گەردی، بەشداری پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی موای تای کرد کە یاریزانانی 11 وڵات بەشداربوون، توانی بە لێدانی یەکلایکەرەوە لە سیپنارین سەکچای، یاریزانی تایلەندی بباتەوە و بووە خاوەن چوارەم میدالیای زێڕین کە لەو وڵاتە بباتەوە.
هەکار گەردی، پاڵەوانی نێودەوڵەتی کورد، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتسی گوت "زۆر دڵخۆشم بەبردنەوەی چوارەم نازناو لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەنێو حەلەبەی پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی، ئەوە کارێکی ئاسان نییە ماندووێتییەکی زۆری دەوێت".
ئەو پاڵەوانە کوردە تەمەنی 27 ساڵە و خەڵکی هەولێرە، زیاتر لە 15 ساڵە خولیای سەرەکی بووەتە یارییەکانی موای تای، کیک بۆکسینگ، بۆکسێن و هونەری شەڕی تێکەڵاو. لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق وەرزشوانێکی ناسراوە و دەیان پشتێن و جامی پاڵەوانێتییەکانی بەرزکردووەتەوە.
بەر لە دوو ساڵ هەکار گەردی، لە ئەفغانستان بەشداری پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی هونەری شەڕی تێکەڵاوی کرد، لەوێ توانی پشتێنی زێڕین بباتەوە، لە تورکیاش چەند نازناوێکی یارییەکانی موای تای و کیک بۆکسینگی بردووەتەوە.