وادەی دەستپێکردنی خولی عێراق دیاریکرا و دهۆک و شورتە جامی سوپەر دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وادەی بەڕێوەچوونی خولی ئەستێرەکانی عێراق دیاریکرا و جامی سوپەری عێراقیش لەنێوان هەردوو یانەی شورتە و دهۆک دەکرێت.
حوسێن خوراسانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت "رۆژی 13ـی 9 وەکو وادەی بەڕێوەچوونی خولی ئەستێرەکانی عێراق دیاریکراوە و رۆژی 12ـی مانگ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی لالیگای ئیسپانیا و خاڤێر تێباس، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا کەرنەڤاڵێکی گەورە بۆ دەستپێکردنی خولەکە رێکدەخرێت."
بەپێی قسەی خوراسانی، رۆژی 28-5ـی ساڵی 2026 وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق کۆتاییدێت و لەم وەرزەدا کامێرە جاڵجالوکە بۆ یەکەمجار لە پەخشکردنی یارییەکانی خولەکەدا بەکاردەهێنرێت.
لەبارەی یاریی جامی سوپەری عێراق، حوسێن خوراسانی گوتی "یارییەکە لەنێوان پاڵەوانی خول و پاڵەوانی جامی عێراق دەکرێت، بەمشێوەیە هەردوو یانەی شورتە و دهۆک رووبەڕووی یەکدەبنەوە."
ئەوەی تاوەکو ئێستا دیارنییە، شوێنی بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵی دەستپێکردنی خولەکە و وادە و شوێنی بەڕێوەچوونی جامی سوپەری عێراقە.
پێشتر بڕیاربوو 6 یانە بەشداری لە جامی سوپەری عێراقدا بکەن و یارییەکانی لە دهۆک بەڕێوەبچن، بەڵام بەهۆی نا ئامادەیی یانەکان و یاریگەی یانەکان بڕیاردرا پاڵەوانێتییەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت.