ئامەدسپۆر دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست دوای ئەوەی لە دوایین یارییدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ساکاریاسپۆر دۆڕا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی خولی پلە یەکی تورکیا، ئەمشەو یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ساریێر دەکات و دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی بردنەوەکان.
 
ئامەدسپۆر لە 6 یاریی رابردوودا سێ بردنەوە، یەکسانبوونێک و دوو دۆڕانی هەیە، ئەمشەو لەنێو یاریگە و هاندەرانی یاری دەکات و دەیەوێت سوود لە وە وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببێتەوە.
 
یانەی ساریێر ئەنجامەکانی خراپن، لە شەش یارییدا هیچ بردنەوەیەکی نییە، 5 یاریی دۆڕاندووە و تەنیا یەکسانبوونێکی هەیە، یانەکە ئێستا بە یەک خاڵ لە پلەی نۆزدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
ئامەدسپۆر لە یاریی گەڕی رابردوودا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ بە یانەی ساکاریاسپۆر دۆڕا و دەیەوێت ئەمشەو قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە.
 
یانەکەی باکووری کوردستان لە 6 یارییدا، سێ بردنەوە، یەکسانبوونێک و دوو دۆڕانی هەیە و ئێستا بە 10 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیایە.