هەڵبژاردەی بالەی کچانی عێراق بەشداری پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا دەکات

رووداو هەولێر 

هەڵبژاردەی بالەی کچانی عێراق سەرەتای مانگی دەی ئەمساڵ بەشداری دەکات لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لە ئوردن، تیپەکە لەنێو کەمپێکی راهێناندایە لە هەولێر.
 
تیپێک کە سێبەشی یاریزانان و دەستەی راهێنەرانی خەڵکی کوردستانن، نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق لە دووەمین پاڵەوانێتیی بالەی خانمانی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لە ئوردن دەکەن. کێبرکێکە بە بەشداری هەڵبژاردەکانی لوبنان، سوریا، ئوردن، قەتەر، سعودیە و عێراقە، کە تیپی خانمانی عێراق پێکهاتووە لە چواردە یاریزان و بەر لە کێبرکێکە پازدە رۆژ لەنێو هۆڵی ئەکاد عەنکاوەی هەولێر لەنێو کەمپێکی ئامادەکارین.
 
دییە وەلی، یاریزانی هەڵبژاردەی بالەی کچانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "زۆر شانازی دەکەم کە پێکهاتەکەمان زۆرینەی یاریزانانی خەڵکی کوردستانن، ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە خولی عێراق یانەکانی کوردستان ئاستێکی بەرزییان پێشکێشکرد، ئێمە دەمانەوێت لە ئاستی ئەو متمانەیەدا بین و ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین". 
 
راندی مەتی، خاوەن بڕوانامەی لیڤڵ سێ لە فیدراسیۆنی بالەی جیهان، خاوەنی بەرزترین بڕوانامە لەسەر ئاستی عێراق، راهێنەری هەڵبژاردەکەیە، گۆڕانکارییەکی زۆری لە پێکهاتەکەی کردووە و دەیەوێت نەوەیەکی نوێ بۆ داهاتووی تیپەکە دروستبکات. 
 
راندی مەتی، راهێنەری هەڵبژاردەی خانمانی عێراق، لەبارەی پلانەکانی ئەمجارەی بۆ پاڵەوانێتییەکە روونیکردەوە "بە پازدە رۆژ ناتوانیت زۆر جێگای دەستت دیاری بکەیت، بەتایبەت لە یاری بالەی کچان، بەڵام بایەخمان داوە بە یاریزانی لاو،کە سوودمەند دەبین بۆ چەند ساڵی داهاتوو، دەمانەوێت بۆ داهاتوو ململانێی وڵاتانی ئاسیا و عەرەب بکەین". 
 
بەشێک لەو یاریزانانە پێشتر ئەزموونیان لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە هەبووە، ئەمەش هێزێکی دیکەی بە هەڵبژاردەکە بەخشیوە و ئەوان دەیانەوێت نازناوی پاڵەوانێتییەکە بەرز بکەنەوە. 
 
نۆرما مونیر، یاریزانی هەڵبژاردەی بالەی کچانی عێراقە و خەڵکی شارۆچکەی عەنکاوەیە، پێشتر لەگەڵ تیپەکەی بەشداریکردووە لە چەند پاڵەوانێتییەکی دەرەوە لە وڵاتانی کوێت و ئیمارات، ئەزمووندارە و دەڵێت "بێگومان پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان لەڕووی رێکخستن و بەشداری یاریزانە بەهێزەکان جیاوازی لەگەڵ پاڵەوانێتییەکانی ناوخۆ زۆرە، ئێمە ئەو ئەزموونەی وەرمانگرتووە بۆ یاریزانەکانی هاوڕێمان دەیبەخشین و دەمانەوێت ئەنجامەکانمان بەرچاو بن". 
 
دووەمجارە پاڵەوانێتیی بالەی خانمانی رۆژئاوای ئاسیا بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی عێراق لە وەشانی یەکەمدا ساڵی 2022 پلەی چوارەمی وەرگرت.