شێری کوردی رووبەڕووی پاڵەوانی پاکستان دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بادین حەسۆ، پاڵەوانێکی دیکەی کوردە لە دیاسپۆرا، هەموو سەرنجەکانی بۆخۆی راکێشاوە و ئێستا لە ئەڵمانیا وەک پاڵەوانێکی راستەقینە لە یاریی کیک بۆکسینگ سەیر دەکرێت. ئەو بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "لە سەرەتای مانگی داهاتوودا رووبەڕووی پاڵەوانێکی پاکستان دەبمەوە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی WBC ئاسیا "، هەروەها گوتی "دەمەوێت بگەمە پاڵەوانێتی جیهان".
بادین ئیدریس حەسۆ، گەنجێکی کوردی ئێزدی، تەمەن 31 ساڵانە، بۆکسێنەرێکی بەتوانایە و لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و ئەورووپا بەنێوبانگە و بە 'شێری کوردی' ناسراوە. ئەو لە 25ـی ئابی 1994 لە شاریای سەر بە دهۆک لەدایکبووە.
بادین لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند کە یارییەکی گەورە و گرنگی لەپێشە و گوتی "لە 5ـی10ـی2025 لە کێشی 79.5 کیلۆگرام رووبەڕووی یاسر مەلیک دەبمەوە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی WBC ئاسیا و یارییەکە لە ئۆبرهاوزن لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت".
ئەو لەبارەی رکابەرەکەی و گرنگیی ئەم یارییەوە گوتی "یاسر مەلیک بۆکسێنەری ژمارە یەکی کێشی سووک و قورسە لە پاکستان. دوای ئەم شەڕە زۆر دەرگام بۆ دەکرێتەوە، کە لەوانەیە بەم زووانە بمگەیەنێتە پاڵەوانێتی جیهان".
شێری کوردی زیاتر بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "من پێشتر پاڵەوانی ئەڵمانیا و ئەوروپا بووم لە کێشەکەم. من ئێستا لە ئەڵمانیا لەگەڵ یوسف رەمەزان مەشق و راهێنان دەکەم. لەگەڵ ئەوەشدا من بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئەمریکا راهێنانم کردووە، کە راهێنەرێکی ئەمریکی مەشقی پێدەکردم".
بادین بەناوی کوردستانەوە بەشداری لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا دەکات. ئەو 20 یاریی پرۆفیشناڵی ئەنجامداوە، سێیانیان لە ئەمریکا بوونە و لە هەموواندا براوە بووە و 10 لەو سەرکەوتنانەی بە لێدانی کوشندە بەدەستهێناوە.
بادین گوتی "من بە 'شێری کوردی' ناسراوم. لە هەموو یارییەکاندا بەناوی کوردستانەوە بەشدار دەبم، راستە من لە ئەڵمانیا و ئەمریکا پێگەیشتووم، بەڵام بۆ وڵاتەکەم یاری دەکەم".
بادین لەگەڵ خێزانەکەی چووەتە ئەڵمانیا و نیشتەجێی شاری ئۆبێرهاوزن بووە، ئەو لە تەمەنی 9 ساڵیدا بۆ یەکەمجار دەستەوانەی بۆکسینگی بەدەستەوە گرت و زوو تێگەیشت کە توانایەکی بەرچاوی لەو وەرزشەدا هەیە.
بادین لەسەرەتادا خۆی هەوڵی فێربوونی دا، بەڵام خێزانەکەی زوو لەوە تێگەیشتن کە توانایەکی بێ هاوتای لەو یارییەدا هەیە و هەوڵیاندا یارمەتی بدەن و وەک پاڵەوانێکی بۆکسینگ زوو پێبگەینن.
ئەو پاڵەوانە کوردە، لە سەر ئاستی ئەڵمانیا بەشداری لە 107 یارییدا کردووە و لە هەموواندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و ئێستا یەکەمە لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و هەموو ئەورووپا.
بادین لە هاوینی 2015 نازناوی پاڵەوانی بوکس پڕۆفیشناڵی ئەڵمانیای بەدەستهێناوە و لە لە ئایاری 2016 بووەتە پاڵەوانی ئەورووپا، کە لەو کاتەوە، بادین بەرەو پێشڤەچوونێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئەڵمانیا، مەکسیک و ئەمریکاش بەشداری لە چەندین یارییدا کردووە.
ئەو بە رووداوی گوت "من بوومەتە پاڵەوانی ئەڵمانیا و پاڵەوانی ئەورووپاش، دەمەوێ بەشداری لە پاڵەوانێتی جیهانیش بکەم و ناوی کوردستان بگەینمە لووتکە".
بادین حەسۆ پێشتر لە تەمەنی بچووکدا چەندجارێک لەسەر ئاستی بەرزدا بەنوێنەرایەتی ئەڵمانیا یاری کردووە لە یارییەکانى ئەماتۆری. ئەو 68 بردن، 5 شکست و یەکسانبوونێکی هەبوو، پێش ئەوەی لە تەمەنی 19 ساڵیدا لەساڵی 2014 بگەڕێتەوە بوارى پڕۆفیشناڵی.
ئامانجی بادین ئەوەیە لەسەر ئاستی جیهان ریکۆردی جیهانی تۆماربکات و ببێتە یەکەمی جیهان لە رووی کۆکردنەوەی زۆرترین خاڵ لەو یارییەدا، کە وەک خۆی دەڵێت "ئامادەیە بۆ یاری و پاڵەوانێتییەکانی دهاتوو".
بادین یەکێک بوو لە هەشت منداڵی خێزانەکەی. باوکی هەرزوو چووەتە نێو بواری سیاسەت و لە هەوڵی رزگاربوون لە داگیرکاریی رژێمی سەدام بڕیارداوە خێزانەکەی بباتە ئەڵمانیا و لە ئۆبێرهاوزن نیشتەجێ بوونە. لەوێ بادین بەشداربووە لە دامەزراندنی یەکەی پێشمهرگەی ژنانى ئێزیدی، کە لە ساڵی 2015 دروستکرا بوو بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە هێرشەکانی داعش.