ڤیدیۆ؛ مێسی دوو گۆڵی تۆمارکرد و ئینتەرمەیامی یەکەم یاریی پلەی ئۆفی بردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ سەرکردایەتیی یانەی ئینتەرمەیامی کرد، بۆ بردنەوەی یەکەم یاریی قۆناخی پلەی ئۆف.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، ئینتەرمەیامی میوانداریی ناشڤیڵی کرد و یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
 
بەر لە یارییە مێسی خەڵاتی گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولی ئەمریکای پێدرا، دوای ئەوەی 29 گۆڵی لە خولەکەدا تۆمارکرد.
 
18 خولەک بەسەر دەستپێکردنی یارییەکەدا تێپەڕی، لیۆ دەرگای گۆڵکردنی کردەوە و خاوەن یاریگە پێشکەوت.
 
لە خولەکی 61 تادیۆ ئالێندی بەلێدانی سەر گۆڵی دووەمی بۆ ئینتەرمەیامی تۆمارکرد و یانەکەی زیاتر لە بردنەوە نزیککردەوە.
 
لە خولەکی 95 مێسی بە سوود وەرگرتن لە هەڵەی گۆڵپارێزی ناشڤیڵ، گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی تۆمارکرد.
 
لە دوایین خولەکی زیادکراوی یارییەکەدا هانی موختار، بەلێدانی راستەوخۆ گۆڵێکی جوانی بۆ ناشڤیڵ تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
 
ئینتەرمەیامی یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، یاریی داهاتوویان بەرەبەیانی رۆژی 2ـی مانگی داهاتوو دەبێت لە یاریگەی ناشڤیڵ و کاژێر 02:30 یارییەکە دەکرێت.
 
ئەمە یەکەم یاریی مێسی بوو، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئینتەرمەیامی تاوەکو هاوینی ساڵی 2028 نوێکردەوە.