لووتکەی سێری ئا.. ناپۆلی و ئینتەرمیلان شەڕی پێشەنگ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی یانەی میلان بەشێوەیەکی جاوەڕواننەکراو دوو خاڵی گرنگی بەرامبەر پیسا لەدەستدا، دەرفەتی ئەوە بۆ ناپۆلی و ئینتەرمیلان رەخساوە یەکێکیان لەشوێنی میلان بچێتە یەکەمی ریزبەندی.
هەردوو یانەی ناپۆلی و ئینتەرمیلان لە یاریی لووتکەی سێری ئادا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و دەیانەوێت بچنە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیتاڵیا.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی حەوتەمی خولەکەدا، لە یاریگەی خۆیدا یانەی ناپۆلی میوانداریی یانەی ئینتەرمیلان دەکات و هەردوو یانە دەیانەوێت سوود لە یەکسانبوونی میلانی پێشەنگ وەربگرن بۆ ئەوەی بچنە پلەی یەکەمی ریزبەندیی خولەکە.
ناپۆلی لە دۆڕانێکی گەورەی چامپیۆنزلیگەوە دەگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی خولەکە، دوای ئەوەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر شەش گۆڵ بە یانەی ئایندهۆڤن دۆڕا، جگە لەوە یاریی رابردووشی لە سێری ئادا بەرامبەر تۆرینۆ دۆڕاندووە و دەیەوێت قەرەبووی ئەو دوو دۆڕانە بکاتەوە.
ئینتەرمیلان لە دۆخێکی زۆرباشدایە، دوایین 7 یاریی لە سێری ئا و چامپیۆنزلیگدا بردووەتەوە و تەنیا دوو گۆڵی لێکراوە، یانەکە سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات دەیەوێت بەبردنەوەیەکی دیکە بچێتە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە.
میلان خاوەنی 17 خاڵە لە پێشەنگدا و هەریەکێک لە ناپۆلی و ئینتەرمیلان خاوەنی 15 خاڵن و براوەی یارییەکەی نێوانیان بە 18 خاڵ دەچێتە شوێنی میلان لە پێشەنگی سێری ئا.