پێدری بۆ فلیک: دەبێت لە کلاسیکۆدا یاری بە کلیلی بردنەوە لە ریال مەدرید بکەی

رووداو دیجیتاڵ

 

پێدری، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بارسێلۆنا، داوای لە هانزی فلیکی راهێنەر کردووە لە یاریی کلاسیکۆدا بەرامبەر ریال مەدرید لەجیاتی دانی ئۆڵمۆ یاری بە فێرمین لۆپێز  بکات نەک درۆ فێرناندێز.
 
بارسێلۆنا و راهێنەرە سزادراوەکەی، هانزی فیلیک، رووبەڕووی یەکێک لە سەختترین بڕیارەکانی ئەم وەرزە بوونەتەوە. پێویستە جێگرەوەیەکی نموونەیی بۆ دانی ئۆلمۆ لە یاریی کلاسیکۆدا بدۆزنەوە، کە بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتووەتەوە و ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هێڵی ناوەڕاستی تیپەکە دروستکردووە. 
 
فیلیک لەبەردەم دوو بژاردەدا خۆی دەبینێتەوە: یان پشت بە فێرمین لۆپێز ببەستێت کە تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە، یان هەلێک بدات بە درۆ فێرناندێز، یەکێک لە بەهرەمەندترین یاریزانانی ئەکادیمیای بارسا، کە لە مەشقەکانی دواییدا هەمووانی سەرسام کردووە.
 
گەڕانەوەی فێرمین لۆپێز دوای ماوەیەکی زۆر لە دوورکەوتنەوە
 
گەڕانەوەی فێرمین لۆپێز لە پێکان وەک پاڵپشتییەکی گەورەی مەعنەوی دێت بۆ فلیک، چونکە یاریزانەکە هاتریکێکی ناوازەی لە بەرامبەر ئۆڵۆمپیاکۆسی یۆنانی لە چامپیۆنزلیگ تۆمارکرد، ئەمەش گەڕانەوە بەهێزەکەی سەلماند دوای مانگێک لە دوورکەوتنەوە بەهۆی پێکان لە ماسوولکەی کەمەری چەپ. بەڵام بڕیاری خستنە ناو پێکهاتەی سەرەکی راستەوخۆ بڕیارێکی سەختە بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی یاریی کلاسیکۆ.
 
پێدری پاڵپشتی فێرمین لۆپێز دەکات
 
سەبارەت بە پێکهاتەی هێڵی ناوەڕاست، پێدری یەکەم کەسە کە پاڵپشتی خۆی بۆ فێرمین لۆپێز راگەیاندووە، چونکە لە ژووری جلگۆڕیندا جەختی لەوە کردەوە کە حەزدەکات لەگەڵ فێرمین یاری بکات. 
 
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆرینی بارسێلۆنا، پێدری بە هانزی فلیکی راهێنەری گوتووە پێویستە لە کلاسیکۆدا بەشێوەی سەرەکی یاری بە لۆپێز بکەی، چونکە پێیوایە فێرمین یەکێکە لە پایەکانی سەرەکی هێڵی ناوەڕاست بەهۆی توانای لە شکاندنی هێڵەکانی بەرگری، پاسە زیرەکەکانی، هەروەها گونجانی سروشتی لەگەڵ یاریزانانی دیکەی تیپەکە. هەروەها پێدری پێیوایە بوونی فێرمین لەلای تەنیشتیەوە کلیلێک دەبێت بۆ بردنەوە لە کلاسیکۆی چاوەڕوانکراو دژی ریال مەدرید لە بێرنابیۆ.
 
فلیک لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدا
 
بڕیارێک کە هانزی فیلیک پێویستە بیدات، لێکەوتەی گەورەی بۆ بارسیلۆنا لەم وەرزەدا دەبێت. لە لایەکەوە، فێرمین لۆپێز بە ئاستێکی هونەری نایابەوە دەگەڕێتەوە، بەڵام نیگەرانی هەیە لەوەی کە لە یارییەکی چارەنووسسازی وەک کلاسیکۆدا یاری پێبکرێت پێش ئەوەی بەتەواوی توانای جەستەیی بەدەستبهێنێتەوە. لە لایەکی دیکەوە لەوانەیە دەرفەتی درۆ فێرناندێز بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام لەوانەیە ئەویش بەتەواوی ئامادە نەبێت بۆ یارییە گەورەکانی وەک کلاسیکۆ.
 
لەو ساتە چارەنووسسازانەدا، پێویستە فیلیک تواناکانی بەڕێوەبردنی خۆی بە زیرەکی نیشان بدات و گونجاوترینی بۆ بەرژەوەندی تیپەکە هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەی گەڕەنتی گەڕانەوە بۆ سەر رێڕەوی بردنەوەکان و کێبڕکێکردنی بەهێز لەسەر هەموو بەرەکانی ئەم وەرزەدا بکات.