فلیک هۆشدارییەکی تووند دەداتە لامین یامال
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا دووپاتی دەکەنەوە کە هانزی فلیکی راهێنەر دواهۆشداری داوەتە لامین یامال و چیدی لێی قبوڵ ناکات لە دەرەوەی یاریگە بە ئارەزووی خۆی هەڵسوکەوت بکات یان لێدوانی نابەرپرسانە بدات.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هانزی فلیک هۆشدارییەکی تووندی بە لامین لامال داوە پێش یاریی کلاسیکۆ و بەڕاشکاوانە پێیگوتووە کە ھەڵسوکەوتەکانی لە دەرەوەی یاریگە نیگەرانی دروست کردووە لە بارسێلۆنا و زیانی بۆ هەموو لایەک هەیە.
لەکاتێکدا لامین یامال بە یەکێک لە دیارترین ئەستێرە لاوەکانی بارسا دادەنرێت، بەڵام ھەڵسوکەوتی لە دەرەوەی یاریگەدا بووەتە جێگەی سەرنج و نیگەرانی.
پێش یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر ریال مەدرید، کە سبەی یەکشەممە لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید بەڕێوەدەچێت، لامین تووشی سەرزەنشتێکی تووند بووەوە لەلایەن راھێنەرەکەی ھانزی فیلیکەوە، کە دەرکەوتنی ئەم یاریزانە لە خولی پاشاکان (کە جێرارد پێکێ دروستی کردووە) بەدڵ نەبووە. ئەم دەرکەوتنە، کە ھاوکات بوو لەگەڵ نزیکبوونەوەی یارییە گرنگەکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، نە لەلایەن یانەکە و نە لەلایەن راھێنەرە ئەڵمانییەکەوە پەسەند نەبوو.
لێدوانە مشتومڕاوییەکانی لامین یامال پێش کلاسیکۆ تووڕەیی فیلیکی لێکەوتەوە، کە جەختی لەسەر گرنگیی سەرنجی یاریزانەکە لە ناو یاریگەدا کردەوە و پێیگوتووە دەبێت دووربکەویتەوە لە دەرکەوتن لە میدیاکان.
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئاشکرای کردووە کە راھێنەرە ئەڵمانییەکە لە راھێنانەکانی رۆژی ھەینیدا گلەیی ئاشکرای لە لامین کردووە، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ھەڵسوکەوتی دەبێت لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکانی وەک یاریزانێکی پیشەگەر لە بارسێلۆنا بگونجێن، بەتایبەتی لە سایەی بارودۆخی ئێستای، کە پێویستی بە پابەندبوونی تەواو بە ئامادەکارییەکانەوە ھەیە.
بارسێلۆنا لە ھەڵسوکەوتی لامین رازی نییە، کە زیاتر لە ئاستی لەنێو یاریگە بووەتە جێگەی سەرنج، ئەمەش نیگەرانیی لای راھێنەر و یانەکە دروست کردووە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی کلاسیکۆ، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لامین سەرکەوتوو دەبێت لە سەلماندنی خۆی بەئاستێکی بەھێز لە بێرنابیۆ، و پابەندبوونی تەواوی بە تیپەکەیەوە نیشان دەدات، یان لەوانەیە فلیک ناچاربێت سزای بدات.