ڤیدیۆ؛ وەزیری خوێندنی باڵا لە رێگەی رووداوەوە دەنگ بە زاخۆ دەدات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی رووداوەوە پاڵپشتیی یانەی زاخۆ دەکات و دەنگیدا بە یانەکە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان بۆ ساڵی 2025.
ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "ماوەیەکە هەڤاڵ و هاوکارەکانم لە ئەکادیمی کوردستان چاڵنجم دەکەن بۆ ئەوەی دەنگبدەین بە هاندەرانی وەرزشیی یانەی زاخۆی دەلال، بەم بۆنەیەوە چاڵنجەکەم قبوڵکرد و منیش چاڵنج و داواکاریم هەیە بۆ هەڤاڵ و هاوکارانم لە زانکۆکان، مامۆستا و ئەنجوومەنی زانکۆکان، توێژەرەکان، خوێندکار و قوتابییەکان بۆ ئەوەی دەنگ بدەن بە هاندەرانی یانەی زاخۆی دەلال، چونکە بەراستی شایەنی پشتگیری و شانازیی زۆرن بۆ نەتەوەکەمان."
دوای قسەکانی وەزیری خوێندنی باڵا بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریی لە دەنگدانەکەدا کرد و لە رێگەی رووداوەوە دەنگیدا بە یانەی زاخۆ.
دەنگدانی ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یانەی زاخۆ لەکاتێکدایە یانەکە بەربژێرە بۆ بردنەوەی خەڵاتی زە بێست بۆ باشترین هاندەری ساڵی 2025 لەسەر ئاستی جیهان و ئێستا لەسەر ئاستی هەموو کوردستان و کوردانی دیاسپۆرا، کەمپینی جیاواز هەن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ یانەی زاخۆ، بە ئامانجی بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لە جیهاندا.
دەنگدان بە یانەی زاخۆ کاردانەوەی زۆر گەورەی دروستکردووە و تاوەکو شەوی هەینی 28-11-2025 دەنگدانەکە لەسەر ماڵپەری فیفا بەردەوامە.