کێ باشترین یاریزانی جیهانە؟ مانێ وەڵام دەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

سادیۆ مانێ، یاریزانی سەنیگالیی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، پێیوایە ئێستا محەممەد سەڵاحی هاوڕێی باشترین یاریزانی جیهانە.
 
محەممەد سەڵاح لەم وەرزەدا ئاستێکی سەرسوڕهێنەر لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول پێشکەش دەکات، ئەمەش وایکردووە زۆر لە ئەستێرەکانی تۆپی پێ بە باشترین یاریزانی جیهان وەسفی بکەن، ئەگەرچی سەڵاح لە پێشبڕکێی باڵۆن دۆری 2021ـدا پلەی حەوتەمی بەدەستهێنا.
 
لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا پرسیار لە سادیۆ مانێ کرا، تۆ پێتوایە محەممەد سەڵاح ئێستا باشترین یاریزانی جیهانە؟ ئەستێرەی سەنیگالی لە وەڵامدا، گوتی "دەتوانی ناوی یەک یاریزانم بۆ بڵێی کە ئێستا لە محەممەد سەڵاح باشتر بێت؟ ناتوانی، ئەو هەموو هەفتەیەک ئەو راستییە لەسەر یاریگە دەسەلمێنێت، کەس ناتوانێت ئەو راستییە رەتبکاتەوە کە محەممەد سەڵاح ئێستا باشترین یاریزانی جیهانە".
 
سادیۆ زیاتر گوتی "محەممەد سەڵاح بە بەردەوامی گۆڵمان بۆ دەکات، ئێمە بە بەختین کە ئەو لە تیپەکەماندایە".
 
ئەو هێرشبەرەی یانەی لیڤەرپوول، لە کاتێکدا کە پەسنی محەممەد سەڵاحی دەدا، بە گاڵتەوە گوتیشی "بەڵام من لەو خێراترم، لە ماوە کورتەکاندا من خێراترم، لە ماوە درێژەکانیشدا هەر من لەو خێراترم".
 
پێشتر محەممەد سەڵاحیش لە هەڤپەیڤینێکدا گوتبووی سادیۆ مانێ لەو خێراترە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مانێ، ڤیرجل ڤان دایکی هاوڕێی بەخێراترین یاریزانی رێدز ناوبرد، دانیشی بەوەدا نا کە ئاداما تراوریی یاریزانی وۆلڤەرهامپتۆن لەو خێراترە.
 
ئەو هەروەها لەنێو سەرجەم هاوڕێکانیدا جەیمس میلنەری هەڵبژارد، کە دەیەوێت هەمیشە لە مەشقەکاندا لەگەڵیاندا بێت.