قەشەیەک داوا دەکات بەهۆی ڤینیسیۆسەوە، ریال مەدرید تۆبە بکات و خواردن بداتە هەژاران


رووداو دیجیتاڵ

ئانخێلی قەشەی کەنیسەی مەدرید لە ئیسپانیا، داوایکردووە یانەی ریال مەدرید بۆ دوورخستنەوەی ئەو شەڕانگێزییەی بەهۆی ڤینیسیۆسەوە دووچاری بووە، رۆژانە لە کەنیسەدا خۆراک بداتە هەژاران.
 
قسەکانی ئەو قەشەیە، هاوکاتە لەگەڵ ئەو دەنگۆ و مقۆمقۆیانەی لەسەر یانەی ریال مەدرید دروستبووە، بەهۆی ئاستی خراپی تیپەکە لە پاڵەوانێتییەکان.
 
ریال مەدرید مشتومڕی زۆری دیکەی لەسەرە، بەهۆی ئەوەی ئەستێرەی یانەکە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە یاریگە و دەرەوەی یاریگە ئەنجامیدەدات.
 
قەشە مەدریدییەکە، پێیوایە کە ریال مەدرید پێویستی بەتۆبەیەکی سیمبولی هەیە. ئەو قەشەیە لە رێگەی قسەکردنی بۆ میدیاکان گوتی، "پێویستە یانەکە رۆژانە بچێتە کەنیسەی سان ئەنتوان تاوەکو خۆراک بداتە هەژاران".
 
قەشەکە هەروەها دەڵێ، "یانەکە هەروەها پێویستە چاودێریی کەسانی لاواز بکات، ئەوەش لەپێناو ئەو شەڕانگێزییەی لە چوار دەوری یانەکە دروستبووە.
 
ئەو قەشەیە هەروەها پێیوایە، "کێشەی ماوەی رابردووی نێوان چابی ئەلۆنسۆ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر، بەهۆی دانیشاندنی ئەو یاریزانە لە یاریی کلاسیکۆ و تووڕەبوونی ڤینی، کێشەیە و بریتییە لە ساتێکی خۆبەگەورەزانینی زیادە".
 
هەروەها وایداناوە ئەوە بەشێکە لەو هەڵسوکەوتانەی لەماوەی رابردوودا لە نێو کۆمەڵگەدا زۆر روودەدەن.
 
راپۆرتی میدیاکان دەڵێن، قەشە ئەنخێل خۆی هاندەری ریال مەدریدە، ئەو فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە بە "پیاوێکی باش" ناودەبات.
 
ئەو هەروەها گوتویەتی، "پێرێز کەسێکی زۆر باشە، تەنانەت لە کاتی تەنگانەشدا و دەزانێت کە ئێمە لەپێناو ئەو و تیپەکەیدا نوێژ دەکەین، بەتایبەت کاتێک تیپەکە یاریی گرنگی هەیە".
 
ریال مەدرید، لەماوەی رابردوودا رووبەڕووی مشتومڕێکی زۆر بووەتەوە، بەتایبەت کێشەی نێوان ژمارەیەک یاریزان و راهێنەری یانەکە کە دەگوترێ، کێشەی لە ژووری جلگۆڕیندا دروستکردووە.