یانەی هەولێر نەگەیشتە رێکەوتن لەگەڵ ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی ئوردن

رووداو هەولێر 

یانەی هەولێر هەوڵەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ مارلین چابانۆڤ، بەرگریکاری ئۆزبەکستانی چڕکردووەتەوە، دوای ئەوەی نەیتوانی ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی ئوردن بگوازێتەوە. 
 
بەر لە کرانەوەی بازاڕی گواستنەوەی زستانەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر پێشەنگی ریزبەندیی خولەکە هەوڵەکانی بۆ گۆڕانکاری و بەهێزکردنی ریزەکانی چڕکردووەتەوە.
 
لە دەستپێکی هەوڵەکانیدا یانەی هەولێر داوای گرێبەستکردنی لە سەعد ئەلڕەوسان، ئەستێرەی هێڵی بەرگری هەڵبژاردەی ئوردنی کردبوو، بەڵام یانەی حوسێنی ئوردنی داوای 300 هەزار دۆلاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کرد، خۆیشی داوای مووچەی مانگانەی 30 هەزار دۆلاری دەکرد، بۆیە یانەی هەولێر بەهۆی زۆری تێچووی لەو یاریزانە بێهیوا بوو، و لە دانوستاندن کشایەوە. 
 
هەوڵەکانی هەولێر بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگریی بەردەوامە و لەگەڵ مارلین چاپانۆڤی بەرگریکاری ئۆزبەکستانی گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی بەزارەکی و تەنیا ماوە بەفەرمی گرێبەستەکەی واژۆ بکات، سەرچاوەیەک لە یانەی هەولێر بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئێمە لەگەڵ ئەو یاریزانە گەیشتووینەتە گفتوگۆی کۆتایی، هەرچەندە هەریەک لە یانەکانی جەوییە و زەورا لەسەر هێڵن و دەیانەوێت ئەو گرێبەستەمان لێ تێکبدەن و ئەو یاریزانە بۆ خۆیان ببەن، بەڵام ئێمە سەرکەوتوو دەبین". 
 
یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ سەرکەوتنێکی گەورەی لە گرێبەستکردن لەگەڵ شێرزوود تیمیرۆڤ، هێرشبەری ئۆزبەکستانی بەدەستهێناوە، ئەو هێرشبەرە هەشت گۆڵی تۆمارکردووە و گۆڵکار و باشترینی خولەکەیە، هاتنی مارلین چاپانۆڤ، دەبێتە دووەم ئەستێرەی ئۆزبەکستانی لە ریزی ئیمپراتۆر. 
 
لەبارەی دوورخستنەوەی چەند یاریزانێک، ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە "کاپتن باسم قاسمی راهێنەر لەگەڵ سەرپەرشتیار و کارگێڕیی دادەنیشێت و گفتوگۆ لەسەر ناوی ئەو یاریزانانە دەکات کە پێویستی پێیان نییە و دەیەوێت یاریزانی دیکە بکاتە شوێنگرەوەیان". 
 
یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ دوای تەواوبوونی هەشت گەڕ لە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەکۆکردنەوەی 20 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندییە و هیچ یارییەک نەدۆڕاوە.